شەجەریان کۆچی دواییکرد
محەمەد ڕەزا شەجەریان هونەرمەندی ناوداری فارس لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
محەمەد ڕەزا شەجەریان هونەرمەندی ناوداری فارس بەهۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەمێک پێش
ئێستا هونەرمەندی ناوداری فارس محەمەد ڕەزا شەجەریان کە بە پاشای ئاوازی ئێران
ناسراوە، لە نەخۆشخانەی جەم-ی شاری تاران کۆچی دوایی کردووە.
ماوەی چەند ساڵێک بوو شەجەریان گیرۆدەی شێرپەنجەی
ریخۆڵە بوو و بۆ دواجار ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بەهۆی دابەزینی فشاری خوێن و
هەوکردنی ریخۆڵەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی جەم لە تاران کرا و لە بەشی ICUدا خەوێندرا و لەو کاتەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە کۆمادابوو.
نەورۆزی ساڵی ٢٠١٦ بۆ یەکەم جار، شەجەریان
ئاشکرایکرد کە ماوەی ١٥ ساڵە تووشی شێرپەنجە بووە و لەو کاتەشەوە بەدەست ئەو نەخۆشییەوە
دەیناڵاند و لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.
پاشای ئاوازی ئێران ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٠
ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بەبڕیاری بنەماڵەکەی تەرمەکەی ڕەوانەی مەشهەد دەکرێتەوە و
لەو شارە بەخاک دەسپێردرێت.
شەجەریان ساڵی ١٩٤٠ لە شاری مەشهەدی سەر بە
پارێزگای خوراسان لەدایک بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی قورئان و
دواتر وتنی ئاوازی کلاسیکی فارس بووە، کۆمپانیای "دڵ ئاواز"ی دامەزراند
و لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ و ٨٠ کاری هونەری لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی ناوداری فارس
لەوانەش پەرویز مۆشکاتیان، درایوش پیرکانیان، محەمەد ڕەزا لوتفی، جەمشید
عەندەلیبی، حسێن عەلیزادە و کەیهان کەلهۆڕ دەستپێکرد و ئەنجامەکەشی دەیان کۆنسێرت
و بڵاوکردنەوەی زیاتر لە ٥٠ ئالبۆمی مۆسیقا بوو.
محەمەد ڕەزا شەجەریان چەندین خەڵاتی ناوخۆیی
و نێودەوڵەتی لەبواری ئاواز و مۆسیقای فارس بەدەستهێناوە، لەوانەش، خەڵاتی
"خواوەندی مۆسیقا"، خەڵاتی "بیتا"ی زانکۆی ستنفۆردی ئەمریکا،
و خەڵاتی "پیکاسۆ" و مەدالیای شەرەفی رێکخراوی یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩.
شەجەریان ساڵی
1961 لەگەڵ خاتو فەرخوندە گوڵ ئەفشان، ئاشنا دەبێت و لەشاری كوردنشینی قوچان پێكەوە
ژیانی هاوبەش پێکدەهێنن و دەبنە خاوەنی سێ كچ و كوڕێك،
لە ئێستاشدا هومایون-ی کوڕی یەکێکە لە هونەرمەندە بەتوانا و دەنگخۆشەکانی فارس.
|