بەڕێوەبەرێکی ئاسایش لە پارێزگای دهۆک کوژرا

08/10/2020
غازی ساڵح ئالیخان بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕ کوژرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕ، لە ناحیەی کانی ماسێ سەر بە پارێزگای دھۆک کوژرا.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی١٠ی٢٠٢٠، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە و لە بەردەم ماڵەکەی خۆی، دەستڕێژی گوللە لە غازی ساڵح ئالیخان بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕ کراوە و کوژراوە.

لەوبارەیەشەوە سەرچاوەیەک لە نەخوشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بە تۆڕی ھەواڵی ژیان ڕاگەیاند، درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سەرزێر لە ناحیەی کانی ماسێ، بەبرینداری گەیندرایە نەخۆشخانەکە کە دوو گوللەی لێدرابوو و بەسەختی بریندارکرابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەوڵی پزیشکان و دوای چەندین کاتژمێر مانەوەی لەژێر چاودێری چڕ، کەمێک پێش ئێستا غازی ساڵح ئالیخان گیانی لەدستداوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، تا ئێستا نازانراێت چ کەسانێک ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە و هێزە ئەمنییەکان  لێکوڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.