پۆلیس دووکەسی بە تۆمەتی ساختەکردنی دۆلار دەستگیرکرد

11/10/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند دووکەسیان بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕێک دۆلار دەستگیرکردوە.

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە تیمەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتن لەناو بازار ئەو دووکەسیان دەستگیرکردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە دوای لێکۆڵینەوەی ورد و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان دەستگیرکراون و لەکاتی دەستگیرکردنیشیان بڕی 4 هەزار و 600 دۆلاری ساختەیان پێ بووە کە ویستویانە ساغی بکەنەوە.

پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندوە تۆمەتبارەکان دانیشتووی قەزای دوزن و بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە .