دۆناڵد ترەمپ: دژ بە کۆرۆنا بەرگریم پەیداکردووە

11/10/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرگری پەیداکردووە و لە ئێستادا باری تەندروستی تەواو جێگیرە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "جەستەم دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرگری پەیداکردووە، لەوانەیە ئەم بەرگرییە بۆ کاتێکی درێژخایەن بێت و لەوانەشە بۆ کورتخایەن بێت، ئەوەیان نازانم بەڵام دەزانم لەشم بەرگری هەیە".

وتیشی، "سەرۆکێکتان هەیە کە خاوەنی بەرگری جەستەیە، ئێستا سەرۆکێکتان هەیە پێویستی بەوە نییە لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا خۆی بشارێتەوە وەک ڕکابەرەکەی". ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ڕۆژی 3 ی مانگی یازدە بەڕێوەبچیت.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پێدەچێت، ڕکابەرەکەی نەخۆش بێت و ڕایگەیاند، "ئەگەر سەیری جۆ بایدن بکەیت، ئەوا دەتبینی ڕۆژی شەممە چەند بە شێوەیەکی خراپ دەپژمی و ئەوجا دەستی بە دەمامکەکەیەوە دەگرت و دەپژمییەوە، نازانم ئەوە مانای چییە بەڵام میدیا زۆر باسی ئەوەی نەکرد".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە تیمی بایدن، بەردەوام ئەنجامی پشکنینە تەندروستییەکانی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەکەنەوە و تا ئێستا دەرنەکەوتووە کە جۆ بایدن هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بێت.

1ی ئەم مانگە کۆشکی سپی توشبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هاوژینەكەی بە كۆڤید-19 راگەیاند، ترەمپیش لەو ماوەیەدا چەندینجار لەسەر نەخۆشییەكە دوا .

ترەمپ هەر لە سەرەتای توشبوونیدا ئاماژەی بەوەكرد کە لەگەڵ میلانیای هاوژینی پێكەوە ئەو دۆخە تێدەپەڕێنن، دواتریش ئاماژەی بەوەكرد، "سەردەكەوێت بەسەر ئەو ڤایرۆسە چینییەدا".