شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات

12/10/2020
شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەمەبەستی بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق، شاندێکی وەزارەی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەی پێشمەرگە راگەیاند، دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراق، بڕیارە سبەینێ ١٣ی١٠ی٢٠٢٠، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە كە پێكهاتووە لە لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی وەزارەت، بگاتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی وەزارەتی بەرگری عێراق (فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان) كۆبێتەوە .

ئاشکراشیکرد، گفتوگۆكان لەسەر سێ بابەتی سەرەكی دەبێت، لەوانە یەكەم دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی لە نێوان ئەفسەرانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دووەم دامەزراندنی هێڵی هاوبەشی بەرگری، سێیەم ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش، هەمووی ئەمانەش لە سنوری پارێزگاكانی كەركوك و دیالە و نەینەوا دەبێت.