هێڤیدار ئەحمەد: خەڵكی سلێمانی 36%ی هەرێمن بەڵام 42%ی موچەیان بۆ دەچێت

15/10/2020
فۆتۆ: 

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، خەڵكی ئیدارەی سلێمانی 36%ن، بەڵام 42% موچە دەچێت بۆ ئیدارەی سلێمانی، ئەم پارەیە لە هەولێر و دهۆكەوە دەچێت.

هێڤیدار ئەحمەد، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند:  هەموو شتێ دەوەستێنێت و شەلەل دەكەوێتە هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت تەنها بۆ ئەوەی موچە دابین بكرێت، ئەوەی كە ئێمە لە وەزیری دارایی حاڵی بووین بەوەی كە ئەندامی شاندی دانوستانەكانی بەغدا بووە عێراق ناهێڵێت جارێكی تر هەرێمی كوردستان دینارێكی زیادەی هەبێت یان لە كاتی خۆیدا موچە بدات.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی "پارەی هەموو داهاتی هەرێمی كوردستان نایەتەوە دەستی حكومەت من بەئاشكرا پێت دەڵێم ئێمە لەنێوان خراپ و خراپترداین، خراپەكە گەندەڵیە و خراپترەكە شەڕی ناوخۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بیەوێت داهاتی هەموو هەرێمی كوردستان بهێنێتەوە خەزێنەی حكومەت پێویستی بەشەڕی ناوخۆیە". 

ئەو ئاماژەی بەوەكرد داهاتی هەرێمی كوردستان لەسنوری ئیدارەی سلێمانی لە باشماخ و سەیرانبەن و لە پەروێزخان هەمووی نایەنە خەزێنەی حكومەت و دەشڵێت "قاچاخچێتی لەو دەروازانە كراون بەتایبەت لەباشماخ بەڵگەمان لایە بەڤیدیۆ لای خۆمان تۆمارمان كردووە بەنوسراوی ڕەسمی لامانە لە پەروێزخان پارەكان بۆ هەندێك كەسن و بۆ هەندێك حیزبن نایەنەوە خەزێنەی حكومەت، لەهەرێمی كوردستان".

هێڤیدار ئەوەشی راگەیاند: خەڵكی ئیدارەی سلێمانی 36%ن، بەڵام بەتەنها لە 42% دەچێت بۆ موچە لە ئیدارەی سلێمانی، ئەم پارەیە لە هەولێر و دهۆكەوە دەچێتە سلێمانی بەڵام ئەوان ئامادەنیین ئەم پارەیە بهێننەوە خەزێنەی حكومەت هەرێمی كوردستان.

ئەو  وەك نمونەی قسەكانی باس لە كێشەی زینی وەرتێ دەكات و دەڵێت لەوكاتەدا خەریك بووە شەڕی ناوخۆ دروست ببێت و دەشڵێت "مەسرور بارزانی لێهاتوترین كەسی ناو پارتییە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، پارتی دەیەوێت ئەوەی دروست بووە هەرێمی كوردستان لەت نەكات".

ئەو لەبارەی رۆڵی هاوپەیمانەكانی پارتی كە یەكێتی و گۆڕانن و دەڵێت " پارێزگای سلێمانی فەقیرە هیچی بەدەست نییە، خۆی دەزانێت ئەم دزیانە دەكرێت كاك قوباد پیاوێكی زۆر بەڕێزە و لەناو پارتی-یش ئەم پیاوەمان زۆر خۆش دەوێت، حەزی لەئیدارەیە و حەزی لەو بەزمە نییە كە لەوناوچەی ئەو دەكرێت".