گروپی شانۆی گۆدۆ كارێكی نوێ نمایش دەكات

15/10/2020
فۆتۆ: 

گروپی شانۆی گۆدۆ لە كارێكی نوێی شانۆییدا بە ناوی (فڕین بە ناو خۆڵەمێشدا) لە كۆتایی كارەكانیدایە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا نمایش بكرێت.


كارەكە دەرهێنانی (داستان بەرزان)ە و نمایشی تاك ئەكتەرییە كە هونەرمەند (گۆران نامیق) یاریی ڕۆڵەكەی دەكات. تایبەت بە (تۆڕی هەواڵی ژیان) دەرهێنەری كارەكە وتی: شانۆییەكەمان بەرهەمی پێش دۆخی كۆڕۆنایە، جارێكیتر گەراینەوە سەری و بە جۆرێكی دیكە مامەڵەمان لەگەڵیدا كرد.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەوەشی وایكرد دەستكراوەبین لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەم ئیشەدا ئەوەبوو كە تێكستەكەی خۆمان ئامادەمان كردووە بە پشت بەستن بەو شانۆنامە گرنگانەی كە بنەمان بۆ شانۆی جیهانی، خەمی ئێمە لەم ئیشەدا جگە لە هاتنی ئەو پەتایەی دونیای ڕووە و ئاڕاستەیەكی دیكە برد هاوكات خەمی ئەو كەسانەشە كە ژیانیان دەكەنە قوربانی لە هونەردا، كە ئەمەش خەمێكی تەواو مرۆییە.

داستان وتیشی،بەهیوام بینەرانی كارەكەمان مانا و چێژ لە كارەكەمان وەربگرن، لەبارەی شوێن و كاتی كارەكەشەوە ئاماژەی بەوەكرد ئێستا دیاری كراو نیە بەڵام لەگەڵ تەواو بوونی پڕۆڤەدا دەست بە نمایش دەكرێت.