تێکەڵەی "سۆپەرمان".. چارەسەرە جادوویەکەی دۆناڵد ترەمپ چی بوو؟

15/10/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

دوای توشبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە و دواتریش چاکبوونەوەی، پزیشکەکانی ڕایانگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری ڕیجینیرون بە تەواوی لە ڤایرۆسەکە چاکبووەتەوە، بەڵام ئەو چارەسەرە چییە کە بۆ سەرۆک بەکارهاتووە؟

ماڵپەڕی زانکۆی کۆلۆرادۆ بڵاویکردەوە، ئەو چارەسەرەی بۆ سەرۆکی ئەمریکا بەکارهاتووە دروستکراوی کۆمپانیای ڕیجینیرونە و بنکەکەی لە شاری نیۆیۆرکە و ناوی زانستی چارەسەرەکەش (ڕیجین-کۆف ٢)ە .

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەو دەرمانەی بۆ سەرۆکی ئەمریکا بەکارهاتووە تا ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە وەک چارەسەری کۆرۆنا دانی پێدا نەنراوە، بەڵام پزیشکە تایبەتەکانی سەرۆک ئەو دەرمانەیان وەک چارەسەر بۆ ترەمپ بەکارهێناوە و وەک خۆشیان دەڵێن، دەرمانەکە کاریگەریی زۆری لەسەر لەناوبردنی ڤایرۆسەکە هەبووە .

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئەگەر ئەو دەرمانە چارەسەری کۆرۆنا دەکات بۆچی بۆ توشبووانی دیکە بەکارنایەت؟ بۆچی ئەو دەرمانە وەک چارەسەری گشتگیری ڤایرۆسەکە بەکارناهێندرێت؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە تا ئێستا پزیشکە تایبەتەکای ترەمپ نەیانتوانیوە وەڵامی بدەنەوە و بۆچونیان وایە ئەو چارەسەرە بۆ بەشێک لە توشبوانی ڤایرۆسەکە کاریگەری دەبێت نەک هەموو توشبووان، ئەمیش بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە کاتێک دەچێتە جەستەی کەسی توشبووەوە، بۆ چەند جارێک شێوەی خۆی دەگۆڕێت .

دکتۆر تۆماس کە سەرپەرشتی چارەسەرە سەرجێیەکانی ترەمپی دەکرد دەڵێت، ئەو دەرمانە کاریگەری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و بەکارهێنانیشی لەڕووی تەندروستییەوە سەلامەتە .

ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەو دەرمانە چەند ڕۆژێک بەر لە توشبوونی دۆناڵد ترەمپ بە کۆرۆنا ڕاگەیەندرا، بەڵام ڕێژەی کاریگەرییەتی دەرمانەکە هێشتا لەلایەن دکتۆر تۆماسەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، چونکە هێشتا دەرمانەکە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و بەڕێوەبرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە وەک چارەسەری سەرەکی کۆرۆنا دانی پێدا نەنراوە.