بەشێك ئێزدیەكانی شنگال گەڕانەوەی پێشمەرگە رەتدەكەنەوە

16/10/2020
فۆتۆ: 

شێخێكی ئێزدیەكان دژایەتی خۆی بۆ رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە راگەیاند و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ قەزاكە رەتدەكاتەوە.

شێخ شەمۆ خودێدا، نوێنەری شاندی ئێزدیەكان لە قەزای شنگال، رایگەیاند: ڕێكەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت شنگال رەتكراوەتەوە و شنگال هی هەرێمی كوردستان نییە بەڵكو هی ئیزدیەكانە .

ناوبراو لە راگەیەندراوێكدا ئاشكراشی دەكات لایەنە سیاسیە كوردیەكان وێنەیەكی نادروستی شنگال پیشانی هێزە نێودەوڵەتیەكان دەدەن و دەشڵێت: پێویستە حكومەتی ناوەند ڕێگە لە دەستدرێژیەكانی كورد بۆ سەر شنگال بگرێت .

ئەو شێخەی ئێزدیەكان راشیگەیاند: بەڵگەمان لەبەردەستە لەسەر ئەوەی كە پێشمەرگە هاوكارێكی سەرەكی داعش بووە لە داگیركردنی شنگالدا، بۆیە ئەوەی گەلەكەمانی بە داعش فرۆشتووە داوا دەكەین و كار بۆ ئەوە دەكەین باجی ئەو كارەی بدات .

ئەو جگە لە رەتكردنەوەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ قەزاكە رەتدەكاتەوە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە خێرو داهاتی شنگل دەچێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.