وەزارەتی تەندروستی: لە نۆمانگدا 300 شوێنمان داخستووە
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لە كۆی هەزار سەردان 300 شوێنیان داخستووە و 175 شوێنیش بەڕێننامەی چارەسەركردنی كەموكورتیەكانیان پێ پڕكراوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند لەڕێگەی تیمەكانی پشكنین و بە داواداچوون لە نۆ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا نزیكەی هەزار شوێنیان بەسەركردوەتەوە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا دەشڵێت: لیژنەكانی پشكنین و دڵنیایی جۆری بەداداچوونی بۆ شوێنەكان كردووە و لە ئەنجامدا بەهۆی پابەند نەبوونییان 300 شوێن داخراون، 175 شوێن بەهۆی كەموكوڕی بەڵێننامەیان پێپڕكراوەتەوە، 65 شوێن سزای پێبژاردنیان بۆ كراوە و 53 شوێن بە فەرمانی وەزارەت داخراون.
وەزارەتەكە ئەوەشی روونكردووەتەوە، بەدواداچوون بۆ چەند كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی مەوادی پاككەرەوەی دەست و پاككەرەوەی ناوماڵكرا كە پابەندی ڕێنماییەكان نەبوون بۆیە شوێنەكانیان داخران و بەڵێننامەیان لێ وەرگیرا و سزای پێبژاردنیشیان بۆ كراوە.
ئەو سەردانانەی لیژنەكانی وەزارەتی تەندروستی جیاوازە لە سەردانی لیژنەكانی قایمقامیەتەكان كە بەشێوەیەكی بەردەوام كارەكانی خۆیان دەكەن و زۆرتر چاودێری تەندروستی دەكەن.
|