سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکانی بردەوە

17/10/2020
جاسیندا ئەردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
نیوزلەندا

جاسیندا ئەردێرن سەرۆک وەزیرانی ئێستای نیوزلەندا جارێکی دیکە هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکەی بردەوە.

لە هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیدا جاسیندا ئەردێرن، سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا جارێکی تر سەركەوتنی بەدەستهێنا، سەركەوتنیشی بەسەر هەردوو قەیرانی "رووداوی تەقەكردن لە دوو مزگەوت و كۆرۆنا" بە كلیلی دووبارە هەڵبژاردنی دادەنرێت .

دوابەدوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان لەو هەڵبژاردنە گشتییەی ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تشرینی یەكەم ئەنجامدرا، پارتی كرێكارانی لیبڕاڵی بە سەرۆكایەتی ئەردێرن ڕێژەی 49%ی دەنگەكانی چنییەوە بەرامبەر 27% بۆ ڕكابەرە سەرەكییەكەی پارتی نیشتیمانیی پارێزگار .

لە وتاری سەركەوتنیشدا لە بەردەم سەدان كەس لە لایەنگرانی لە ئۆكلاند، ئەردێرن وتی، پارتەكەی پشتیوانیی زیاتری نیوزلەندییەكانی بەدەستهێناوە زیاتر لە هەر كاتێك لەماوەی لانیكەمی 50 ساڵی ڕابردوودا .

وتیشی، "هەڵبژاردنەكان ئاسایی نەبوون، كاتەكەشی ئاسایی نەبوو ".

بەڵێنی بە لایەنگرە نوێیەكانیشدا، كە چاوپۆشییان لێناكات و حوكمی سەرجەم نیوزلەندییەكان دەكات.

ئەردێرن (تەمەن 40 ساڵ) لە ساڵی 2017 بووە براوەی ئەو پۆستە باڵایە كاتێك پارتی كرێكاران هاوپەیمانی لەگەڵ دوو پارتی دیكەدا ئەنجامدا، لە ساڵی دواتریشدا بووە دووەم سەركردەی جیهان كە منداڵی ببێت لەكاتی بوونی لە پۆستەكەدا .

ئەردێرن بووە نمونەیەكی باڵا بۆ ئافرەتانی كاركەر لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان، هەروەك زۆرێك وەك نمونەیەكی پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەیبینن .

مامەڵەكەشی لە كاتی هێرشەکەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر دوو مزگەوت لە كرایسچیرش، كاتێك لەلایەن كەسێكی چەكدارەوە 51 نوێژخوێنی موسوڵمان كوژران، زیاتر لە ناوخۆ و جیهاندا ناساندی، جگە لەوەی دوای ڕووداوەكە هەنگاوی خێرای نا بۆ دەركردنی یاسای نوێ كە زۆرینەی جۆرە چەكەكان قەدەغە دەكات.