پەروەردەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

17/10/2020
پەروەردەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

پەروەردەی سلێمانی داوا لە بەڕێوەبەران و مامۆستایانی هەردوو پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی دەکات، بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەستپێبکەنەوە.

عومەر ساڵح ئەحمەد و بەكر محەمەد مەحمود بەڕێوەبەرانی هەردوو پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویانکردەوە، "وەک ئاگادارن ماوەی چەند ڕۆژێکە دەوامی فەرمی خوێندنگەکان، بەگوێرەی قۆناغەکان دەستیپێکردووە، بەڵام لەسنوری هەردوو پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە وخراپی گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەوام بەپێی پێویست نەکراوەتەوە .

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئێمە وەک پەروەردەکاران و بەرپرسانی پەروەردەیی پێمانوایە کاتی ئەوە هاتووە بچینەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەستپێبکەینەوە و بەگوێرەی فەرمانە وەزیرییەکان کە پۆلەکانی 1و2ی بنەڕەتی و پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە لەناو خوێندنگە دەوام دەکەن و پۆلەکانی تریش بەشێوازی خوێندنی ئەلکترۆنی دەبێت" .

هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لە بەرژەوەندی قوتابی وخوێندکار نابێت و دەزانین هەریەکەمان چەند لە دواکەوتنی مووچە و بێدادی نیگەرانین و لەگەڵ گشت مافە ڕەواکانی مامۆستایانین، هێندەیش نیگەرانی پرۆسەکەین، بۆیە بەم ڕوونکردنەوەیە داواکارین لە سەرجەم بەڕێوەبەر و مامۆستایانی بەڕێز بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن ودەوام دەستپێبکەنەوە .

بەڕێوەبەرانی پەروەردەی سلێمانی ڕاشیانگەیاندووە، ڕۆژەکانی دەوامی ساڵی خوێندن و وادەی تاقیکردنەوەکان و تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن دیاریکراون و چیتر با کات بەهەدەر نەڕوات .