کەرکوک.. هێزی ئەمنی لە بەشێک لە گەڕەکەکان بڵاوەی پێکرا

17/10/2020
هێزی ئەمنی لە بەشێک لەگەڕەکەکانی کەرکوک بڵاوەی پێکرا
فۆتۆ: فۆتۆ: سۆران عەبدولکەریم
کەرکوک

بۆ ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، هێزەکانی پۆلیسی کەرکوک و هێزەکانی لیوای ٦١ی سەر بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لەبەشێک لەگەڕەکەکانی شارەکە بڵاوەیان پێکرا.

ئەفسەرێک لە هێزەکانی پۆلیسی خۆجێیی کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، زانیاری هەبووە بەبیانوی سوتاندنی ئاڵا پشێوی ئەمنی بنرێتەوە، بەڵام پێشوەختە هێزە ئەمنییەکان دەروازەکانی ناوەوە و دەرەوەی کەرکوکیان بۆ ماوەی کاتژمێرێک داخست.

 وتیشی، لەئێستادا ئەو دەروازانە بەڕووی هاتووچۆکاران کراوەتەوە و هێزەکە لە گەڕەکەکانی شۆڕیجە و حسابات و ئیمام قاسم وحەسیرەکە و چەند گەڕەکێکی دیکە، بڵاوەیان پێکراوە و بازگەی کاتییان داناوە و خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا، هیچ ئاڵۆزییەک لە کەرکوک ڕووینەداوە.

بەپێی زانیاریەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، هێزە ئەمنییەکان، پێشوەختە زانیاری ئەوەیان هەبووە کە هەوڵێک هەیە بۆ سوتاندنی ئاڵای عێراق، پاش ئەو پشێوی و ئاڵۆزیەی ئەمڕۆ کە لە بەغدای پایتەخت ڕوویدا .