کاریگەریی ڤیتامین (D ) لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا

18/10/2020
فۆتۆ: 

سەرباری ئەوەی ڤیتامین (D ) توانای توانەوەی هەیە لە ناو ڕۆنەکاندا و ڕۆڵێکی کاریگەریی هەیە لەسەر لاشەی مرۆڤ، بەڵام لەم ماوەیەدا بووەتە سەردێڕی زۆربەی هەواڵە تەندروستییەکان، ئەویش بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی هەیەتی لە دژایەتیکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ماڵپەڕی " هێڵس لاین"ی تەندروستی بڵاویکردەوە، ڤیتامین (D ) زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی دەزگای بەرگری لەش، کە بە سەنگەری پێشەوەی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت.

توێژینەوەکان سەلماندوویانە بوونی ڕێژەیەکی باش لە ڤیتامین دی لە لاشەی مرۆڤدا، یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ پاریزگاریکردن لە تەندروستی دەزگای بەرگری و پاراستنی لە نەخۆشییەکانی تەنگەنەفەسی بەشێوەیەکی گشتی، بە دیاریکراویش بەرپەرچدانەوەی پەتاکان بەشێوەیەکی باشتر.

توێژینەوەیەکی نوی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو نەخۆشانەی تووشی کۆرۆنا بوون و ئاستێکی بەرزی ڤیتامین (D ) لە لاشەیاندا هەیە، ئەگەری گیانلەدەستدانیان زۆر کەمدەبێتەوە و نیشانەکانی پەتاکەشیان لەسەر سوک دەبێت.

بەپێیەی ڤیتامین (D ) تایبەتمەندی دژە هەوکردنی تێدایە، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کاروچالاکی خانەکانی بەرگری، بە تایبەت ئەو خانانەی کە دژایەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، بە هەمان شێوە کەمی ڤیتامین (D ) دەبێتە هۆی ئەگەری زیادبوونی دووچاربوون بە نەخۆشی و تێکچوونەکانی تایبەت بە دەزگای بەرگری.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزمبوونەوەی ئاستی ڤیتامین ئەگەری دووچاربوون بە نەخۆشییەکانی دەزگای هەناسەدان زیاتر دەکات، وەک نەخۆشییەکانی سیل و ڕەبوو نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەن.

جگە لەوەش کەمی ڤیتامین (D ) دەبێتە هۆی لاوازکردنی کار و چالاکی سییەکان، ئەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر توانای لاشە لەسەر دژایەتیکردنی هەوکردنی دوزگای هەناسەدان.

توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو نەخۆشانەی کە تەمەنیان لەسەرو ٤٠ ساڵییەوەیە و ئاستێکی بەرز و پێویستیان هەیە لە ڤیتامین (D )، ئەوا بەڕێژەی لە ٥١.١%ی کەمتر دووچاری نیشانە نەرێنییەکانی ڤایرۆسەکان دەبن، بە تایبەتیش لەدەستدانی هۆش و کەمی ئۆکسجین و گیان لەدەستدان، گەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە گیرۆدەی کەمی ڤیتامین (D ) بوونەتەوە.

نوێترین توێژینەوە کە لە سەر ١١٣٢١ کەس لە ١٤ دەوڵەتی جیهان کراوە، دەریدەخات تەواوکارییەکانی ڤیتامین (D ) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دەزگای هەناسەدان کەمتر دەکاتەوە.

دوو سەرچاوەی بنەڕەتی هەیە بۆ ڤیتامین (D )  کە بریتین لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ سەر پێست و خۆراک خواردن بە تایبەتیش هێلکە و ماسی و قارچک و بەرهەمە شیرەمەنییەکان.