زیاتر لە ١٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کۆیە تەرخاندەکرێت

18/10/2020
زیاتر لە ١٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کۆیە تەرخاندەکرێت
فۆتۆ: 
سلێمانی

وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، حکومەتی هەرێم زیاتر لە ١٠ ملیار دیناری بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کۆیە تەرخانکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی١٠ی٢٠٢٠، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە-کەلکەسماق و ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردەوە .

لەمیانی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکاندا، کە قائیمقامی کۆیە و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی ھەولێر و بەڕێوەبەری رێگاوبانی کۆیە یاوەرییان دەکرد، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ ھاتین بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنێتی بەڕێوەچونی پڕۆژەکان لە سنوری کۆیە، ئەوەش لە چوارچێوەی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان .

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٣ پێگە و شوێن کە قیرتاو و تێکەڵەڕێژکردن دەکرێن و بڕی زیاتر لە ١٠ ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ خەرجدەکرێت، بەمەبەستی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی سنورەکە .

لای خۆشیەوە یوسف حەسەن، قائیمقامی کۆیە سوپاس و ستایشی ھەوڵەکانی دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح و کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد بۆ خزمەتکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە سنورەکە، جەختی لەوەشکردەوە کردەوە، کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەم کابینەیەی حکومەت، ھاوکاری باشی سنورەکەی کردووە و کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ ئەنجامدراون .

پرۆژەکە ئەم بڕگانە لەخۆدەگرێت :

-چاککردنەوەی رێگای تەق تەق.

-چاککردنەوەی رێگای لۆفەکانی کەلکەسماق.

-چاککردنەوەی رێگای سێگردکان.

-قیرتاوکردنی رێگای گوندی قۆریتان.

-قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی کڵێسا و بۆگد و تێکەڵەڕێژکردنی چەند رێگایەک و کۆمەڵێک پڕۆژەی تر.

-رێژەی ئەنجامدراوی پڕۆژەکان نزیکەی ٥٠٪‏و پێش وەرزی سەختی زستان تەواودەکرێن.