حكومەتی هەرێم خانەنشینی بەشێك لە پلە تایبەتەكان رادەگرێت

19/10/2020
فۆتۆ: 

حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی ئەو كەسانەی بە پلەی باڵا خانەنشینكراون و لەو پۆستانەدا كاریان نەكردووە رادەگرێت و ئەوانەشی پێشمەرگەبوون و بە پلەی باڵا خانەنشینكراون وەك رێزلێنان موچەكانیان دەمێنێتەوە.

عەبدولحەكیم خەسرۆ، سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە دەرماڵە و موچە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەكان، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی رایگەیاند: هەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژە بڕیارێك دەرچوو بۆ راگرتنی موچەی هەموو ئەو كەسانەی كە بە پلە باڵا خانەنشین كراون و پۆستەكانیان نەبینیووە.

ئەو روونیكردەوە بە گوێرەی ئەو پڕۆژە بڕیارە،  ئەو كەسانە بەشێكیان خەباتگێڕ بوون، پێشتر ڕێزلێنانێكیان پێداوە، ئەم رێزلێنانە بەردەوام دەبێت، بەڵام بە شێوازێكیتر و بەپێی یاسای ٣٤ی ٢٠٠٧ی ڕێزلێنانی پێشمەرگە و زێرەڤانی. 

سكرتێری لیژنەكە ئەوەشی راگەیاند: بە گوێرەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران هەموو ئەو خانەنشینانەی پلە باڵان و موچەیان پێدراوە و پۆستەكانیان نەبینیوە، موچەكانیان دەبڕدرێت و لە ١ی ٧ەوە موچەیان پێ نادرێت.

ناوبراو ئاشكرایكرد وەزارەتی دارایی ئێستا خەریكە سندووقی خانەنشینی پێكدەهێنێت و پێداچوونەوە بە پەیكەربەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی دەكرێت كە دەبێتە بەڕێوەبەرایەتییەكی خانەنشینی بۆ سەرجەم كەرتەكانی مەدەنی و ئەمنی و سەربازی.