زاخۆ.. بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕینماییە تەندروستییەکان نزیکەی هەزار شوێن داخراون

19/10/2020
بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕینماییە تەندروستییەکان نزیکەی ھەزار شوێن لە زاخۆ داخراون
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

لیژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕ لە قائیمقامیەتی قەزای زاخۆ، نزیکەی هەزار شوێنیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە داخستووە.

وڵات هەجەر بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قائیمقامیەتی زاخۆ بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی  ڕاگەیاند، دوابەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دەرکردنی بریار و ڕێنماکانی خوپارێزی لەلایەن وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕوژانە بەردەوام لەناو بازاڕ بەدواداچوون دەکەین و ئەو کاسبکار و دوکاندارانە ئاگادار دەکەینەوە کە پابەندی رێنمایی و رێکارەکانی خۆپارێزی نابن".

وتیشی، "پاش ئاگادارکردنەوەیان ئەگەر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبن، ناچار بە سزادانیان دەبین".

ئاشکراشیکرد، تائێستا بەھۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە، زیاتر لە ٥٠٠ دوکاندار بەبڕی ٥٠ بۆ ١٠٠ ھەزار دینار سزادراون و زیاتر لە ٣٠٠ دوکانیش ھەر بەوھۆیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی داخراون.

بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قائیمقامیەتی زاخۆ راشیگەیاند، ئەگەر بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بێت، ھەر دوکاندارێک سەرپێچی بکات، دەبێت بەبڕی یەک ملیۆن دینار سزابدرێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری ھاوڵاتیان، تاڕادەیەک سزاکەمان کەمکردووەتەوە.

بەمەبەستی هاندانی خەڵک بۆ پابەندبوونی زیاتر بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، مانگێک لەمەوبەر لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕی زاخۆ، زیاتر لە چوار ھەزار دەمامکی لەناو بازاڕدا بەسەر ھاوڵاتیان دابەشکرد .