لە ناحیەی بازیان تیمێك بەفڕۆكە بەدوای شێرێكدا دەگەڕێت

19/10/2020
لە ناحیەی بازیان تیمێك بەفڕۆكە بەدوای شێرێكدا دەگەڕێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان رایگەیاند، لەماوەی دوو رۆژی رابردودا هاوڵاتیەك كە لەگوندێكی سنورەكە كاری ئاژەڵداری دەكات شێرێكی بینیوە، بۆ دڵنیابوونەوەش هێزە ئەمنیەكان و بەفڕۆكەش ناوچەكە كیوماڵكراوە و هیچ شێرێك نەبینراوە، دانیشتوانی گوندەكەشیان دڵنیاكردوەتەوە كە نەترسن.

ئیسماعیل ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان لەبارەی بینینی شێرێك لەسنورەكەیان و كێوماڵكردنی ناوچەكە رایگەیاند، "لەگوندی شیوەڕەشی كە دەكەوێتە بەرامبەر بەردەقارەمان، پیاوێك و هاوسەرەكەی كە سەرقاڵی ئاژەڵدارین لەگوندەكەیان پەیوەندیان پێوەكردین كە لەدوو رۆژی رابردوودا لەكاتی پێدانی ئالیك بەئاژەڵەكانیان شێرێكیان بینیوە لەشاخەكە هاتوەتە خوارەوە و بەدووری 50 مەتر لەنزیك ئەوانەوە تێپەڕیوە بۆ سەر حەوزێكی ئاو كە لەنزیك گوندەكەیانە" .

وتیشی، بەوتەی ئاژەڵدارەكە، بۆ ماوەی چەند خولەکێک سەیری شێرەكەیان كردوە و كەمێكیش راوەستاوە، دواتر چووەتە سەر حەوزەكە و ئاوی خواردوەتەوە و رۆشتوە و ناوچەكەی جێهێشتوە، بەڵام ئەوان هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەری نەكردووە .

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان باسی لەوەشكرد كە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی دارستان، شاخی نزیك گوندەكە و ناوچەكەیان كێوماڵكردوە و پێمانوتون ئەگەر بینیتان بەهیچ شێوەیەك تەقەی لێنەكرێت، بەڵام هیچ شێرێكیان نەبینوە .

راشیگەیاند، "ئەمڕۆ لەڕێی فڕۆكەیەكەوە بۆ ماوەی دوو سەعات بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاینەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك شێرمان نەبینیوەو دانیشوانی گوندەكەمان دڵنیا كردوەتەوە كە نەترسن، بەڵام ئاگاداری خۆیان بن و لەئەگەری دووبارە بینینەوەی لەترسی پەلاماردانی خەڵك و ئاژەڵەكانیان تەقەی لێنەكەن" .

بەوتەی ئیسماعیل ئەحمەد، هێزەكانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لەگەڕان و كێوماڵكردنی ناوچەكە، وتیشی، تائێستا لەو سنورەدا شێر نەبینراوە، بەڵام ئەگەر شتی واش هەبێت پێدەچێت لەناو باخی گەشتیاری ناوچەكەدا كەسانێك بەخێویان كردبێت و خۆی دەرباز كردبێت، بەڵام نەشمانبیستوە هیچ كەسێك لە ناوچەكە شێر بەخێو بكات.