چوار مامی دوو خوشکە کوژراوەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکران

19/10/2020
ئەو دوو خوشکەی ماوەیەک لەمەوبەر لە قەزای چەمچەماڵ کوژران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

لەسەر دۆسیەی كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ چوار تۆمەتبار دەستگیركراون كە سەرجەمیان مامی دوو كچە كوژراوەكەن و بەشداری تاوانەكە یان شاردنەوەی تەرمەكانیان كردووە .

رەمەك رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، دوای دۆزینەوەی گۆڕی ئەو دوو خوشكەی کە لەسنوری قەزای چەمچەماڵ كوژران، لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت تاوانەكە بەتەنها لەلایەن كەسێكەوە ئەنجام نەدراوە .

وتیشی، جگە لەباوكی دوو خوشكەكە كە تاوانباری سەرەكی تاوانەكەیە، زانیاری وردمان دەستكەوت كە مامەكانی ئەو دوو خوشكە كوژراوە، دەستیان لەتاوانەكەدا هەبووە، یەكێكیان دەستگیركراوە و دانی بەوەدا ناوە كە بەشداری كوشتنی دوو برازەكەی نەكردووە، بەڵام لەشاردنەوەی تەرمەكاندا بەشداربووە .

قائیمقامی چەمچەماڵ راشیگەیاند، بۆیە دوای دانپێدانانی ئەو مامەی دوو خوشكە كوژراوەكە، دادوەری لێكۆڵینەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سێ مامی تری دوو كوژراوەكە دەركرد كە بەشداری تاوانەكە بوون یان بەشێكیان ئاگاداربوون و سەرجەمیان دەستگیركران .

لەبارەی دەستگیركردنی باوكی دوو كچە كوژراوەكەش كە تاوانباری سەرەكییە و پێش كوشتنی كچەكانی بەڵێننامەی پڕكردووەتەوە، ڕەمەک ڕەمەزان وتی، تائێستا باوكی دوو كچە كوژراوەكە دەستگیر نەكراوە و هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لەگەڕان بەدوایدا، بەڵام لەدەرەوەی سنوری قەزای چەمچەماڵە.