محەمەد سەلمان: ترسی کوشتنم هەیە گەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەینەوە

22/10/2020
فۆتۆ: 

محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە ڕایگەیاندووە، ئەگەر پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە ترسی ئەوەی هەیە بکوژرێت.

ڕۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە دیدارێکدا محەمە سەلمان لەگەل حاییم سابان ملیاردێری ئیسرائیلی بە رەگەزی ئەمریکی، مەترسی خۆی لەوە ڕاگەیاندووە، کە ئەگەر هەنگاوی هاوشێوەی بەحرەین و ئیمارات بنێت بۆ ئاسایی بوونەوەی پەوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ترسی ئەوەی هەیە بکوژرێت.

سابان کە قسەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، جێنیشتی پادشای سعودیە ڕایگەیاندووە، ناتوانێت هەنگاوی هاوشێوەی هاوسێکانی بنێت بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، چونکە رەنگە لەلایەن ئێران و قەتەر و خودی گەلی سعودیەوە بکوژرێت.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاشکرای نەکردووە، ئەو دیدارەکەی نێوان سابان و محەمەد سەلمان لە چ کاتێکدا بووە، بەڵام ئەو ملیاردێرە جولەکەیە، یەکێک بووە لەو ژمارە کەمەی هاوکاری دیموکراتەکانی ئەمریکا، کە ئامادەی ئاهەنگی ڕێککەوتنی "ئیبراهیم"ی نێوان ئیسرائیل و بەحرەین و ئیمارات بووە لەناو کۆشکی سپی لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا.

پێشتریش پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٢ی ئەم مانگەدا بڵاویکردەوە، محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە دوودلە لە ئاساییکردنەویە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە باجێکی گەورەی سیاسی دەبێت لەناوخۆیی وڵاتەکەیدا.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، یەکەم هۆکار کە ڕێگری لێدەکات بۆ ئەو ئەو هەنگاوە، شا سەلمانی باوکیەتی، چونکە ناوبراو خۆی بە پابەند دەزانێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتیەکی یەکجارەکی عەرەب ئیسرائیل، لەسەر بنەمای دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی کە لە ساڵی ٢٠٢ لە ڕیازی پایتەختی سعودیە دەستی پێکرد.

هۆکارێکی دیکە پەیوەندیی هەیە بە بوونی کەسانی توندرەو لەناو دامەزراوەی ئایینی سعودیەدا و ئەو کەسانەش کاریگەریی و قورساییەکی بەرچاویان هەیە لەناوخۆیی کۆمەڵگەی سعودیە.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، دەستپێکردنی جەنگ لەدژی ئەو کەسانە سەبارەت بە ئیسرائیل کارێکی خۆشەویست و سەرکەوتوو نابێت لەئێستادا، جگە لەوەش هەریەکە لە ئێران و تورکیا بەو پەڕی توندییەوە دژی سەرکردایەتیکردنی جیهانی ئیسلامی و ئیدارەکانی پیرۆزترین مزگەوتەکانی جیهان لەلایەن سعودیەوە.

تا ئێستا چوار دەوڵەتی عەرەبی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، کە پێکهاتوون لە هەریەکە لە میسر و ئوردن و ئیمارات و بەحرەین، چاوەڕوانیش دەکرێت بەم نزیکانە سودانیش ئەو هەنگاوە بنێت.