ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیم لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاریان بوو

22/10/2020
ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیم لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاریان بوو
فۆتۆ: ئەرشیڤ
رۆژئاوای کوردستان

هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا سیخوڕێکیان دەستگیرکرد، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیاوە بۆ تیرۆرکردنی سیاسەتمەدارانی پەیەدە، ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیم ڕاسپێردرابوو.

میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویانکردەوە، لەماوەی ڕابردوودا لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەندین تۆڕی سیخوڕیی دەستگیرکراون، کە لە بەرامبەری پارەدا، کاری سیخوڕییان بۆ دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیا کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا سیخوڕێک دەستگیرکراوە، کە ئامادەکاریی بۆ تیرۆرکردنی ئاڵدارخەلیل و ساڵح موسلیم کردووە.

روونیشیانکردووەتەوە، سیخوڕێک بەناوی س . ع تەمەن ٥٥ساڵ، کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراوە، دانی بە چەندین پیلانی مەترسیداردا ناوە، کە لەلایەن میتی تورکیاوە بۆیان داڕێژراوە .

س.ع لە سەرەتاکانی شۆڕشدا لەنێو ڕیزەکانی ئاسایشدا بووە و دواتر دەبێتە شۆفێری هاوسەرۆکی کۆنسەری بەڕێوبەری خۆبەڕێوبەریی، ئەو سیخوڕە دانی بەوەدا ناوە، دوای شەڕی سەرێکانی، چاوی بە سیخوڕەکانی میتی تورکیا کەوتووە و داوایان لێکردووە، کە کاری سیخوڕییان بۆ بکات .

س.ع لە دانپێدانانەکانیدا ئاشکرایکردووە، کە کەسێک بە ناوی ب.ئ تەمەن ٥٠ساڵ لە سەرێکانی کاری سیخوڕیی و تیرۆر کردنی بۆ دەزگای میتی تورکیا کردووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە لە سیخوڕییکردن .

ئەو سیخوڕە هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ب.ئ داوای لێکردووە، لەسەر شوێنی مانەوەی ئاڵدار خەلیل ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەیەدە  و ساڵح موسلیم، زانیارییان بۆ بنرێت، هەروەها لەسەر شوێن و ناوەندەکانی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیک و خاڵەکانی قەسەدە بە جی پی ئێس شوێنەکانیان ئاشکرا بکات .

بەپیی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا، دەستیان بەسەر تەلەفۆنێکی  س.ع -دا گرتووە، کە تێیدا دیمەنێک هەبووە کە بۆ میتی ناردووە و لە ژێریدا نووسیویەتی “پێش ئەوەی بۆردوومانی بکەن ئاگادارم بکەنەوە، کە لەو شوێنە دوور بکەومەوە”.

س.ع لە دانپێداننانەکانیدا راشیگەیاندووە کە سێخوڕێکی دیکە بە ناوی ئەبو .ئو کە بازرگانی جگەرەی قاچاخ و ئۆتۆمبیل بووە لە تورکیا، کەسێکی بەناوی ئەبو.ئا لە زورگان بۆ لای ئەو ناردووە  و بڕێک پارە و تەلەفۆن و سیمکارتێکی تورکی و بڕێک پارەی ڕادەست کردووە، پاشان ئەبو. ئا لە سەر ئەو سیمکارت و تەلەفۆنە پێوەندی پێوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، بۆئەوەی کەس نەتوانێت چاودێریی ئەو بکات، دەبێت ئەو تەلەفۆنە بەکار بێنێت و ئەو بڕە پارەشیان وەک پاداشت بۆی بەڕێکردووە.

س.ع، هەروەها ئاشکرایکردووە، کە سیخوڕی میت ئەبو.ئا، لەسەر تەلەفۆن پەروردەی کردووە، کە چۆن بتوانێت بە جی پی ئێس شوێنی سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوای کوردستان و خاڵەکانی قەسەدەیان بۆ ئاشکرا بکات .

بەوشێوازە سیخۆڕی میت س.ع بەردەوام زانیاریی لەسەر خاڵەکانی قەسەدە و شوێنی مانەوەی سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ میت بەڕێکردووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە تورکیا لەڕێگەی سیخوڕەکانییەوە شۆڕشگێڕان و سیاسەتەمەدارانی کورد دەکاتە ئامانج، لە ماوەی ڕابردووشدا بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس، ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەپیلانی میتی تورکیا کۆمەڵکوژ کران، لە هەرێمی کوردستانیش چەندین جار ئەندامانی پەکەکە کراونەتە ئامانج و شەهید کراون.