عێراق پاسپۆرتی ئەلکترۆنی دەردەکات

22/10/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری کاروباری پاسپۆرتی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی تەواو بووە.

ئەحمەد عەبدولستار بەڕێوەبەری کاروباری پاسپۆرتی عێراق ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەموو ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنیان تەواو کردووە، و گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، پیشتبەستن بە پاسپۆرتی ئەلکترۆنی بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەم پاسپۆرتەی ئێستا نییە، بەڵام پاسپۆرتی ئەلکترۆنی نوێ دەدرێت بە هاوڵاتیان، دوای ئەوەی ماوەی کارپێکردنی پاسپۆرتەکەی ئیستایان تەواو دەبێت.

جەختیشیکردەوە، بەم کارەیان دەیانەوێت ئەو سیستمە پێشکەوتووە بهێینە وڵاتەوە، کە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کاری پێدەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی عێراق ڕوونیکردەوە، کارکردن بە سیستمی ئەلکترۆنی بۆ دەرکردنی پاسپۆرت و هەروەها کارتی نیشیتمانی ، دەبێتە هۆی دەستبەرکردنی بانکێکی زانیاری هاوبەش سەبارەت بە سەرجەم هاوڵاتیان و پاراستنیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان.

لە کۆتایی وتەکانیدا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی عێراق جەختیکردەوە لەمەودوا فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەتوانن لەڕێگەی مۆری پەنجە و چاویانەوە هاوڵاتیان بناسنەوە، کە لەو بانکی زانیارییەدا هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت، ئەو کارەش ڕێگر دەبێت لە ساختەکردنی بەڵگەنامەکان لەلایەن کەسانی دەروون لاوازەوە.