گۆڕێکی بە کۆمەڵی ژنانی ئێزدی لە شنگال هەڵدرایەوە

24/10/2020
فۆتۆ: 

تیمی نیشتیمانی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق، ئەمڕۆ گۆڕێکی بە کۆمەڵی ژنانی ئێزدیان لە قەزای شنگال هەڵدایەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، گۆڕەکە دەکەوێتە ناوچەی "سۆلاغ"ی دەروازەی قەزای شنگال و ڕوفاتی ٨٠ ژنی ئێزدی تیدایە.

گۆرەکە زۆربەیان ژنی بەتەمەن بوون و لە کاتی داگیرکردنی شنگال لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ بە کۆمەڵ کوژراون و لە گۆڕە بە کۆمەڵەدا شاردراونەتەوە.

هەڵدانەوەی گۆڕی ئەو ژنە ئێزدیانە بە هاوکاری تیمێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی (ICMP ) و بە ئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی ئێزدی و نوێنەرانی دامەزراوە و فەرمانگە جیاجیاکانی دەوڵەت و ئەنجومەنی روحانی ئێزدی و نوێنەرانی کەسایەتییە جیاجیاکان لەسەرجەم پێکهاتە ئاینییە جیاجیاکان.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا چەکدارانی داعش هێرشیانکردەوە سەر شاری موسڵ و  قەزاو ناحیەکانی دەوروبەر و داگیریانکرد، دوای ڕۆژێک لە هێرشەکە هەڵمەتێکی کوشتن و دەستگیرکردن و بە کەنزەک کردنی هاوڵاتیانی ئێزدی شنگال دەستی پێکرد و بە سەدان هاوڵاتی ئەو پێکهاتە ئاینییە لەسەر چەکدارانی داعش کوژران و بێسەروشوێن کران، بەشێک لە ژن و کچەکانیانیشیان لە بازاڕدا وەک بەندە و کۆیلەی سێکس مامەڵەیان پێوەکرا.