میدیای ئێران: سیخوڕەکەی ئیسرائیڵ پاسدار نەبووە و پەیوەندیشی بە کوشتنی قاسم سلێمانییەوە نیە

14/06/2020
مەحمود موسەوی مەجد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ئێران

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم زمانحاڵی سوپای پاسدارانی ئێران زانیاری نوێی سەبارەت بەو کەسە بڵاوکردەوە کە بەتۆمەتی دەست تێدابوون لە کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، دەستگیرکرابوو.

تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، پێچەوانەی لێدوانەکەی غولامحسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، مەحمود موسەوی مەجد کات و شوێنی قاسم سلێمانی لە سوریای داوە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ، ناوبراو پەیوەندی بە کوشتنی سلێمانییەوە نیە.

ئاشکراشیکردووە، مەحمود موسەوی مەجد ئەندامی سوپای پاسداران و ئەو هێزانە نەبووە کە خۆبەخشانە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریا چوونەتە ئەو وڵاتە، بەڵکو ناوبراو پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران و لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئێرانەوە چووەتە سوریا و لەو وڵاتە گەورە بووە.

روونیشیکردووەتەوە، موسەوی مەجد لە سوریا پەیوەندی بە ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەربازی ئێرانەوە کردووە و وەکوو شۆفێری ئەو هێزانە دەستبەکار بووە، دواتر لەو پۆستەدا و لە پێناو وەرگرتنی پێنج هەزار دۆلار لە مانگێکدا، زانیاریداوەتە دەزگا هەواڵگرییەکانی سی ئای ئەی و موساد.

ئەوەشی خستووتەڕوو، مەحمود موسەوی مەجد ٢٦ مانگ لەمەوبەر دەستگیرکراوە و دۆسیەکەی پەیوەندی بە کوشتنی قاسم سلێمانییەوە نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، موسەوی مەجد هەر لەو کاتەدا لەلایەن هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنانەوە دەستگیرکراوە و رادەستی ئێران کراوەتەوە و لەو کاتەشەوە تا ئێستا دەستبەسەرە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم راشیگەیاندووە، بڕیاری لەسێدارەدانی مەحمود موسەوی مەجد بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیڵ پەسەندکراوە و لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.

چەند رۆژ پێش ئێستا، میدیاکانی ئێران وێنەی مەحمود موسەوی مەجد-یان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ناوبراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ و دەست تێدابوون لە کۆشتنی قاسم سلێمانی دەستگیرکراوە.