ئاڵدار خەلیل: ئەردۆغان هەندێك رووداو دەكاتە بیانو بۆ تۆڵەكردنەوە لە فەڕەنسا

26/10/2020
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)
فۆتۆ: فۆتۆ: هاوار نیوز

ئاڵدار خەلیل رایگەیاند، ئەردۆغان هەندێك رووداو لە فەڕەنسا دەكاتە بیانو بۆ هێرش و تۆڵەكردنەوە لەو وڵاتە، پێشیوایە كە فەرەنسا خوێندنەوەی دروستی هەبووە بۆ رۆڵی خراپی توركیا.


ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت "ئەردۆغان هەندێك رووداو لە فەڕەنسا دەكاتە بیانو بۆ هێرش و تۆڵەكردنەوە لەو وڵاتە".

ناوبراو لەو تویتەیدا كە بە زمانی عەرەبی بڵاویكردووەتەوە دەشڵێت: ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لەبارەی ئاینی ئیسلام دەردەبڕێت، لەكاتێكدا خۆی پشتگوێی دەخات، توركیا كوشتن و كۆمەڵكوژی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریاو ناوچەكەدا كردووە و هێشتاش ئاسەواری كارەكانی هەرماون.

خەلیل ئەوەشی راگەیاندووە، تێڕوانینی فەڕەنسا بۆ رۆڵی خراپی توركیا و خوێندنەوەی دروستی بۆ پرۆژەكانی توركیا دژ بە سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی مەترسی لەسەر بەئەندامبونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا، لە ئەنجامی ئەم ئاڕاستەكردنانەی ئەردۆغانە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە توركیا و ژمارەیەك لە وڵاتانی دیكەی ئیسلامی لە دژی فەرەنسا دەستیان كردووە بە هەڵمەتێك و دەڵێن سوكایەتی بە ئیسلام و پیرۆزیەكانی كراوە.