یوسف محەمەد: قەوارە دەسەڵاتدارەکان پێشتر بە نهێنی لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن ڕێککەوتوون

27/10/2020
یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: 

یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، قەوارە دەسەڵاتدانەکان پێشتر بە نهێنی کۆبوونەوەیان کردووە لەسەر یەکلاکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە.

یوسف محەمەد لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، قەوارە دەسەڵاتدارەکان لەڕێگەی دانیشتنی نهێنییەوە بازنەکانی هەڵبژاردنەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە بەو شێوەیەکی کە خۆیان پێیان خۆشە، بەشێوەیەک دڵنیاییان داوە لە گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

لە بەیاننامەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە،  ئەو بابەتە وایکردووە قەوارەکان پێشتر ئامادەکاری بکەن لە کاتێکدا ئەندامەکانی ئەنجومەنی کۆمسیارانیانی ئێستایان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە.

یوسف محەمەد جەختیشیکردەوە، دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن کارێکی مەبەستدارە بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە، کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ دیاریکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای هەڵبژاردنەکان پێیوستی بە هەموارکردن هەیە دوای ئەوەی کارتی بایۆمەتری دەردەکرێت لە بری کارتی ئەلکترۆنی، هەروەها بژاردن و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان لەبری ئەلکترۆنی دوای جێگیرکردنی لە یاساکەدا کە پەرلەمان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو پەسەندی کردووە.

یوسف محەمەد ڕوونیشیکردەوە، دابەشکردنی بازنەکا نی هەڵبژاردن بۆ قەوارە بچوک، پێویستی بە کارێکی زۆر و جیاواز هەیە لەلایەن کۆمسیۆنەوە، ئەوەش وا دەکات ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا کارێکی ئەستەم بێت.