وتەبێژی پارتی: پەکەکە مەترسییە بۆسەر ژیان و بەرژەوەندی هەرێم

27/10/2020
فۆتۆ: 

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لێدوانی بەرپرسانی یەکەکە و کردوەکانیان بوونەتە سەرئێشە بۆ خەڵکی کوردستان و ژیان و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە مەترسییەوە.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی، بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگای هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.

وتەبێژی پارتی دەڵێت " لێدوانەكانیانیان نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان".

لە بەشێکی لێدوانەکەیدا وتەبێژی پارتی وتوویەتی "ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن".

وتەبێژی پارتی دەڵێت، پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان .

لە کۆتایی وتەکانیدا وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، بڕوای تەواویان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان .