بانگەوازێكی بەپەلە ئاراستەی سەركردەكانی پارتی و یەكێتی و پەكەكە دەكرێت

29/10/2020
فۆتۆ: 

محەمەد ئەمین پێنجوێنی كەسایەتی سیاسی بانگەوازێك بۆ رێگریكردن لە شەڕی ناوخۆی بڵاودەكاتەوە و هۆشداری دەدات لەویە ئەگەر شەڕ لە نێوان پەكەكە و پارتی دروست ببێت زۆر لایەنی دیكەشی تێوە دەگلێت.


لە بانگەوازیەكی نوسراودا كە ئەو كەسایەتیە سیاسیە بڵاوی كردووەتەوە تیادا دەڵێت: چەند ڕۆژێكە زەنگێكی مەترسیداری شەڕی نەگریسی كورد بە كورد لێ دەدرێ. 

پێنجوێنی لەو بانگەوازەدا دەشڵێت: ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بە تەنیا شەڕی پارتی و پەكەكە نابێت، شەڕی هەموو كورد دەبێت، دەبێتە شەڕی باكوور و باشوور، دەبێتە هۆی لاوازكردن و بێبایەخكردنی دۆزی كورد لە هەموو جیهاندا، پرۆسەی سیاسیی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و گێژاوێك دەچێت كە نیو سەدە پرسی كورد بۆ دواوە دەگێڕێتەوە.

دەقی بانگەوازەكە

بانگەواز

بانگەوازێك بۆ هەموو ڕووناكبیران، هونەرمەند، سیاسەتوان و هێزە سیاسیەكانی باشووری كوردستان، بۆ هەموو نیشتمانپەروەر و كوردپەروەران

بەڕێزان: چەند ڕۆژێكە زەنگێكی مەترسیداری شەڕی نەگریسی كورد بە كورد لێ دەدرێ، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، كە سێ (باند)یان دەسگیركردووە، كە ویستوویانە كاری تیرۆرستی بكەن و (پەكەكە) یان بێ تۆمەتبار كردووە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، كە ئەوان و سێ ئەندامەكەیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بێ ئاگان و ناوەرۆكی ڕاگەیێندراوەكەشیان پێ قبووڵ نییە.  ئەمەش نائومێدی و پشێوییەكی زۆری لەناو گەلدا دروست كردووە.

پەكەكەش لە زمانی بەرێز (موراد قەرەیەڵا ن)ەوە، ڕایانگەیاند كە ئەو تۆمەتانە ڕاست نین و ئامادەن بە بێ شەڕو بە دیالۆگ هەموو كێشەكان چارەسەر بكەن. ئەمەش ئاماژەیەكی پۆزەتیڤە.

بەڕێزان: ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بە تەنیا شەڕی پارتی و پەكەكە نابێت، شەڕی هەموو كورد دەبێت، دەبێتە شەڕی باكوور و باشوور، دەبێتە هۆی لاوازكردن و بێبایەخكردنی دۆزی كورد لە هەموو جیهاندا، پرۆسەی سیاسیی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و گێژاوێك دەچێت كە نیو سەدە پرسی كورد بۆ دواوە دەگێڕێتەوە. ئەمەش دوا تیرە كە دوو دەوڵەتی داگیركەر بە دڵی كوردەیەوە دەنێن...

بەرێزان: بەو سیفەتەی كە بەندە لەشەڕی ۱۹۹۲ ی پەكەكە و بەرەی كوردستانی، شەڕی پەكەكە و پارتی و پەكەكە و یەكێتی لەناوەندگیریدا بووم، زۆر نهێنی و لایەنی شاراوەی شەڕەكانم بۆ ئاشكرا بوون، كە هەموویان بۆ لەناوبردن و لاوازكردنی دۆزی كورد بوون .

بۆیە داوا لەم بەڕێزانە دەكەم كە ڕێگری لەم پیلانە هەرێمایەتییە بكەن

بەڕێز جەنابی كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، جەنابی خاتوو رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمان، بەرێز جەنابی كاك كۆسرەت، بەرێزان جەنابی شێخ لاهور و كاك باڤڵ تاڵەبانی، كاك قوباد تاڵەبانی، هەڤاڵانی بەڕێز جەمیل بایك، موراد قەرەیەڵان و هەڤاڵ سەبری ئۆك داواتان لێ دەكەم كە هەمووتان پێكەوە هەوڵ بدەن ڕێگە لەم پیلانەی دوژمنی كورد بگرن!

 بۆ ئاگاداریتان بەندە لەهەردەرفەتێكدا  یەكێك لەم بەڕێزانەم بینیبێت ئەم دروشمەم دووپاتە كردووەتەوە، كە دوو هێزی سەرەكی و كاریگەر لە كوردستاندا هەیە و دەتوانن ڕۆڵ لە هەموو كایەكاندا ببینن. پارتی و پەكەكە ئەگەر تەبا و كۆك بن دۆزی كورد بۆ پێشەوە دەچێ و لەئامانجە سەرەكییەكەمان نزیكمان دەكاتەوە و ئەگەر ئەم دوو هێزە ناكۆك و لە شەڕدا بن هێزەكانی تریش لە شەڕ دەگلێنن و دۆزی كورد بەرەو لەناوچوون دەبەن. با هەموو پێكەوە هەوڵ بدەین شەڕی كورد و كورد تەحریم بكەین .