قەرەیڵان: رێگری لە شەڕی ئێمە و پارتی نەکرێت شتی مەترسیدار ڕوودەدات

30/10/2020
فۆتۆ: 

موراد قەرەێڵان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە ڕایگەیاند کورد دەبێت کێشەکانی لەناو خۆیدا چارەسەر بکات، دەبێت ئەو زهنیەتە تێکبشکێنین کە دەڵێت: کورد ناتوانن لەناو خۆیاندا تەبابن.

قەرەیڵان لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی شەڕ لە نێوان پەکەکە و پارتی ڕوودەدات؟ وتی ئێستا گومانی ئێمە ئەوەیە، نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە، بۆ ئەوەش من دەمەوێت بە ئاشکرا بانگ بکەم، دەمەوێت ڕێگریی لێ بکرێت، ئەگەر وەها بێت ئەوە ڕووداوی نەخوازراو ڕوودەدات.

رەتیشیکردەوە ئامادەکاری بۆ شەڕ لە دژی پارتی بکەن و وتی  با کەس بەو شێوەیە بیر نەکاتەوە، چونکە شتی وانیە.

قەرەیڵان داواشیکرد رێگری لە شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە بگیرێت و وتی چاوەڕێین رێگری لێبکرێت چونکە شەڕ ڕێگا بەرووی مەترسیدا دەکاتەوە، مەترسی ڕوودەدات، دەمانەوێت ئارامی پێکبێت، لە کوردستان ئارامی پێشبکەوێت، بەو شێوەیە چارەسەریی بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە .

ئامادەیی پەکەکەشی بۆ گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان ڕاگەیاند و وتی بۆ هەر کێشەیەکیش دەتوانرێت چاودێر هەبن و گفتوگۆی لەسەر بکەن، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین.

ئەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە زیاتر بووە و لێدوانی توند لە دژی یەکتر دەدەن.