ماکرۆن: لە هەستی موسڵمانەکان تێدەگەم سەبارەت بە وێنە کاریکاتێرییەکان

31/10/2020
فۆتۆ: 

ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی جەزیرەدا ڕایگەیاند، لە هەست و سۆزی موسلمانەکان تێدەگەم سەبارەت بە وێنە کاریکاتێرییەکان.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەکردووە، وێنە کاریکاتێرییەکان بە هیچ شێوەیەک پڕۆژەی حکومەت نەبووە، تەنها بەرهەمی ڕۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ بوون و سەر بە حکومەت نەبوون.

سەرۆکی فەڕەنسا لەو چاوپێکەوتنە تایبەتیدا لەگەڵ جەزیرە ڕایگەیاندووە، خەڵکی هەیە ئیسلامیان گۆڕیوە و بەناوی ئەو ئایینەوە پروپاگەندەی ئەوە دەکەن گوایە بەرگری لێ دەکەن.

لە بەشیکی تری قسەکانیدا ماکرۆن ڕایگەیاندووە "لەوبڕوایەدام پەرچەکردار لەسەر بابەتەکە، درۆ و گۆڕینی قسەکانی من بووە، چونکە خەڵک وا تێگەیشتووە گوایە من پشتیوانی لەو وێنە کاریکاتێریانە دەکەم".

سەرۆکی فەرەنسا روونیکردەوە، هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەی کە ئیسلامیان گۆڕیوە، خودی موسڵمانان زیاتر زەرەرمەند دەبن لێی لە هەر کەسێکی تر.

ئەو وتانەی ماکرۆن لەکاتێکدایە، پێشتر ڕایگەیاندبوو، فەڕەنسا بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری وێنە کاریکاتێرییەکان نابێت، ئەو ولاتانەی ترەمپ کە دوابەدوای تیرۆرکردنی مامۆستاکەی پاریس کە لە کاتی وانە وتەنەوەدا چەند وێنەیەکی کارکاتێری پێغەمبەر محەمەدی نیشانی قوتابییەکانی دابوو، وەک پێناسەیەک بۆ ئازادی ڕادەبڕین لەو وڵاتەکەی.

ئەوەی زیاتر شوێنکەوتوانی ئایینی ئیسلامی لە فەڕەنسا و خودی ماکرۆن تورەکە کرد، کاتێک سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو ئیسلام لە قەیراندایە.