ڕۆیتەرز: هەموو چرکەیەک کەسێک لە ئەمریکا تووشی کۆرۆنا دەبێت

31/10/2020
فۆتۆ: 

تووشبوون بە کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد، بەشێوەیەک ڕۆژی ڕابردوو ١٠٠ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لە کاتێکدا ڕۆژی پێشتر ٩١ هەزار کەس بووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پشتبەست بە زانیارییە فەرمییەکان بڵاویکردەوە، ڕۆژی هەینی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ١٠٠ هەزار و ٢٣٣ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی جیهانی دادەنرێت بۆ تووشبوون بە کۆر ۆنا، کە پێشتر هیندستان لە ڕۆژێکدا ٩٧ هەزار و ٨٩٤ کەس تووشی کۆرۆنا ببوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز هەموو چرکەیەک لە ئەمریکا کەسێک تووشی کۆرۆنا دەبێت.

تا ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٩ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بە واتای لە ٣%ی سەرجەم دانیشتوانی ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٢٩ هەزار حاڵەت.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە ئاژانسەکە لەسەر دۆخی کۆرۆنا لە ئەمریکا ئامادەی کردووە، لە هەر ١٠ هەزار کەسێک ٢٧٢ کەسی تووشبوو  ٧ گیان لەدەستدان هەیە، لە کاتێکدا لە ئەوروپا بۆ هەر ١٠ هەزار کەسێک ١٢٧ تووشبوون و ٤ گیانیان لەدەستدان هەیە.

ئەو زانیاریانە لەسەر تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا لەکاتێکدایە، نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە بە تەواوی توانای خۆیانەوە کاردەکەن، جگە لەوەش ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو  هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.