ئەو کارمەندەی FBI کە سەدامی دەستگیر کرد کۆچی دواییکرد

31/10/2020
فۆتۆ: 

ئەو کارمەندەی کە بە هاوکاری تایبەتی دەزگای لێکۆڵینەوە فیدراڵی ئەمریکا FBI ناوبراوە و بەشداربووە لە دەستگیرکردنی سەدام حسینی سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق، ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.

ڕۆژنامەی "دنڤەر پۆست"ی لە شاری دنڤەری ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا دەردەچێت بڵاویکردەوە، "جەیمس دیڤیس" ڕۆژی هەینی بە جەڵتەی دڵ لە کاتی پیاسەکردن لەگەڵ سەگەکەی گیانی لەدەستداوە.

دیڤیس سەرکردایەتی ئەو تیمەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا کردووە، کە بەرپرس بووە لە لێپرسینەوە لەگەل سەدام حسینی سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عیراق و مۆری پەنجەکانی و نموونەیەک لە کرۆمۆسۆمی وەرگرتووە، دوای ئەوەی لە حەشارگەیەکی ژیر زەویدا لە ناوچەی دور لە پارێزگای سەلاحەدین، لە ڕۆژی ١٣ی کانونی دووەمی ٢٠٠٣ دەستگیر کرا.

دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ دیڤیس کراوەتە بەڕێوەبەری دەزگای FBI  لە دنڤەر، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو، ئەم ئەرکە نوێیەی وەک پاداشت بووە، دوای ئەوەی ماوەی چوار ساڵ لەناو کەرەڤانەیەکدا کاریکردووە و بەشوێن سەرکردەی گروپە توندرەوەکانەوە بووە لە ئەفغانستان و عێراق و گەڕان بەشوێن کەسە چالاکەکانی ڕێکخراوی قاعیددە لەسەرجەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو وێنەیەش کە دیڤیس لەگەڵ سەدام حسین گرتوویەتی، ئەو کاتەیە کە دوای پشکنین تۆمارکراوە، بەڵام سەدام رەتیکردووەتەوە سەیری کامێرا بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٨ دیڤیس لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر ساتی دەستگیرکردنی سەدام حسین وتوویەتی "سەدام کە دەستگیر کراوە پیرەپیاوێکی نەخۆش و بەردەوام کۆکیە و بە باشی نەیتوانیوە نان بخوات و تەندروستیشی باش نەبووە.

کاتێک لە ویلایەتەکەی خۆشی بووە، سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی کردووە و هۆکار بووە بۆ دەستگیرکردنی کەسێک کە پەیوەندیی بە ڕێکخراوی قاعیدەوە هەبووە، کە پەیوەندیی هەبووە بە تەقینەوەکەی میترۆی نیۆرک لە ساڵی ٢٠٠٩.