تەندروستی سلێمانی: ئەمڕۆ هەشت توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

31/10/2020
تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ هەشت توشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەشت تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ٣١ی١٠ی٢٠٢٠، ٢٦ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و هەشت کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

روونیشیکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئاسا یەک توشبوو، نەخۆشخانەی شەهید ئاسو سێ توشبوو، نەخۆشخانەی شەهین هێمن سێ توشبوو و لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگیش یەک توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هەزار و ١٦٨ چاکبووی کۆرۆنا لە سلێمانی، پلازمای خوێنیان بەخشیوە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٧٦ هەزار و ٢٥ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٤٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٢ هەزار و ٨٠٩ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.