سوارێز: لەبەرامبەر بەرشەلۆنە ئاهەنگ ناگێڕم

07/11/2020
فۆتۆ: 

سوارێز رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ بەرشەلۆنە گۆڵ تۆمار بكات ئاهەنگ ناگێرشێت لەبەر ئەوەی ئەو یانەیە زۆر شتی پێ بەخشیوە، لەبارەی میسیشەوە دەڵێَت پەیوەندی ئەو لەگەڵ ئەو یاریزانە تەنها وەرزش نیە.


لویس سوارێز، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی یانەی ئەتلەنتیكۆ مەدرید، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەرشەلۆنە زۆری پێبەخشیوم و هەرگیز بێرێزی بەرامبەر یاریزانانی ئەو یانە خۆشەویستە ناكەم، بەڵام بە هەموو توانامەوە بەرگری لە درێسی یانەی ئەتلەنتیكۆ مەدرید دەكەم، ئەگەر لە یاری یانەكەمدا لەگەڵ ئەو یانەیە گۆڵ تۆماربكەم ئاهەنگ ناگێڕم.

ئەو لەبارەی رۆشتنی لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرایكرد رۆناڵد كومان لە كاتی هاتنی بۆ یانەكە  بە یەك پەیوەندی تەلەفۆنی داوای لێكردووە كە لە بەشەلۆنە بڕوات.

ناوبراو دەشڵێت: داوام لە كۆمان كرد رێگەم بدات راهێنان بكەم تا ئەوكاتەی یانەیەك بۆخۆم دەدۆزمەوە، هەرچەندە كومان پێی وتم ئەگەر بژاردەیەكی دیكەم نەبوو ئەوا تۆ لە بەرشەلۆنە دەهێڵمەوە، بەڵام من خۆم بڕیارم لە چارەنووسی خۆم دا و بەخۆشحاڵییەوە ئەو دۆخەم قبوڵ نەكرد و ئەتلەنتیكۆ مەدریدم هەڵبژارد.

ئەو ئەستێرە ئۆرۆگواییە باسی لە هاوڕێكەی میسی كرد وتی: نێوانی من و میسی تەنیا وەرزش نییە و پەیوەندی دیكەشمان هەیە، بەڵام نازانم چارەنووسی میسی چی بەسەر دێت، تەنیا دەزانم ئێستا لە بەرشەلۆنە دڵخۆشە و بە هەمان ورەبەرزی پێشتر دەیبینم، ئەو كەسێكی پێگەیشتووە و تەمەنی بووەتە 33 ساڵ و لەو ئاستەدا نییە من رێگەی نیشان بدەم، دڵنیام دەتوانێت بڕیاری گونجاو بدات.

ئەو رەتیكردەوە قسەی راهێنەری پێشووی بەشەلۆنە لەبارەی میسیەوە راست بێت  كە وتبووی ئیدارە كردن لەگەڵ میسی قورسە، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەم قسەیە بەهیچ شێوەیەك راست نییە، چونكە هەموو ئەوانەی لە نزیكەوە لەگەڵ لیۆ میسی ژیاون و یارییان كردووە دەزانن كەسایەتییەكی میهرەبان و نەرمونیانی هەیە و زۆر مرۆڤدۆستە و كەسایەتییەكی جوانی هەیە".