لە ئێران یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ تۆمار کرا
عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران ئاشکرایکرد، یەکەم حاڵەتی گواستنەوەی پەتای کۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵە ماڵییەکان لەو وڵاتە تۆمار کراوە.
ڕەبیعی جەختیکردەوە لە ٥٠%ی تووشبوونەکان بە کۆرۆنا لە ئێران، بەهۆی تێکەڵاوی و کۆبوونەوەی خێزانەکانەوە بووە.
لە لایەکی ترەوە وەزارەتی تەندروستی ئێران دوێنی ڕایگەیاند، ١٠ هەزار و ٤٦٤ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی تووشبوان بە پەتاکە لە ئێران بەرزبووەتەوە بۆ ٦٩٢ هەزار و ٩٤ کەس.
وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ ٤٥٨ کەسی دیکە بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣٨ هەزار و ٧٤٩ کەس.
وەزارەتی تەندروستی ئێران جەختیشیکردەوە، تا ئێستاش هەر ٣١ هەرێمەکەی ئیران لە حاڵەتی تەندروستی مەترسیداردایە.
|