سەرۆک کۆمار: تێپەڕاندنی یاسای قەرز بێ كورد پێشینەیەكی مەترسیدارە

13/11/2020
فۆتۆ: 

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بێ كورد پێشینەیەكی مەترسیدارە لە كاری سیاسی.

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق سەبارەت بە پەسندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت: جەخت لەرێگەچارەیەكی بنەڕەتی دەكەینەوە كە رێگە لەدووباربوونەوەی قەیرانی موچەی فەرمانبەران بگرێت ، چونكە قەرزكردن بەتەنها بەس نییە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم قەیرانە. 

لە راگەیەندراوەكەدا داوای ئەوەی كردووە پشت بە چاكسازیەكی گشتیر ببەسترێت بۆ چارەسەری ریشەیی قەیرانی دارایی و دەشڵێت: ئەم یاسایە بێ رەچاوكردنی سازانی نیشتمانی، بەدیاریكراویش بەبێ خواستی كورد پەسەندكرا و تێپەڕێندرا . ئەمەش پێشینەیەكی مەترسیدارە‌‌ لە كاری سیاسی عێراقدا. 

 ناوبراو ئەوەشی وتووە "دابینكردنی موچەی فەرمانبەران لە عێراق  بەبێ چارەسەری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ناتەواوە چونكە ئەوانیش هاوڵاتی عێراقن  و مافەكانیان لەدەستوردا جێگیركراوە. 

ئەو دووپاتیدەكاتەوە كە پێویستە تەواوی هاوڵاتیان بەدوور بن لە ململانێی سیاسی و راشیگەیاند: تەئكید لەچارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم دە‌كەینەوە، بەدیاریكراویش دۆسیەی نەوت و رێكخستنەوەی بەشێوەیەكی شەفاف و بەگوێرەی دەستوور.