دەستتێوەردان.. ماڵى ئێزدییەکان دوولەت دەکات

19/11/2020
فۆتۆ: 

عەلى شێخ ئیلیاس لە پەرستگاى لالش لە شێخان، وەک بابە شێخى نوێى ئێزدییەکان دەستبەکاربوو، بەڵێنیدا کە دڵسۆزى خەڵک و خاکى ئێزدى بێت، بەڵام دیاریکردنى بابە شێخى نوێ، درزێکى گەورەى خستووەتە نێو ئێزدییەکانەوە و کێشە و گرفتى زۆرى لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە ئێزدییەکان بە هەڵبژاردنى بابە شێخى نوێ رازى نین و پێیانوایە دەستتێوەردانى سیاسى کراوە، بۆ ئەوەش پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمەتبار دەکەن.

دەستبەکاربوونى عەلى شێخ ئیلیاس وەک بابە شێخى نوێى ئێزدییەکان دواى ئەوە هات، 14ى ئەم مانگە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى دهۆک لە کۆبوونەوەى میر و ئەنجومەنى باڵاى رووحانى ئێزدییەکان، لەنێو سێ کاندیددا، بە بڕیارى میر حازم تەحسین بەگ میرى ئێزدییەکان، عەلى شێخ ئیلیاس وەک بابە شێخى نوێ هەڵبژێدرا.

بەڵام هەر زوو هەڵبژاردنى بابە شێخ ناڕەزایەتى و کاردانەوەى فراوانى لێکەوتەوە، بەشێک لە ئێزدییەکان بۆچوونیان وایە هەڵبژاردنی بابە شێخی نوێ دوور لە عورفی تەوافوق و گوێگرتن لە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان شنگال کراوە.

ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا نەمایەوە، قاسم شەشۆ فەرماندەی ناسراوى هێزى پێشمەرگە لە شنگال کە هاوکات كارگێڕی لقی 17ی پارتییە، دەستی لە هەردوو پۆستەکەی کێشایەوە.

هاوکات حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی بابە شێخ بە تەوجیهات و فشاری سیاسی دانراوە و ٪٨٠ی ئەو کەسانەی لە مەراسیمی دەستبەکاربوونى بابە شێخ ئامادەبوون کەسانی ئەمنی و ئاسایش و پێشمەرگە و کادری حزبی بوون، داواش  دەکەن هەر شوێنێکی جیهان کە ئێزدی تێدایە داوا لە حکومەتی وڵاتەکانیان بکەن بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ نە لەگەڵ بابە شێخی نوێ و نە لەگەڵ حازم تەحسین بەگ میرى ئێزدییەکان نەکەن چونکە ئێزیدییەکان نە لە ڕابردوو نە لە ئێستاشدا قبوڵیان نەکردووە.

پۆستی بابە شێخ مەرجەعى باڵاى ئایینى ئێزدییەکانە لە کوردستان و جیهان و لە ڕابردووشدا لە نێو ئێزیدییەکان بە ڕێککەوتن لە نێوان دوو بنەماڵەدا ئەو پۆستە یەکلاکراوەتەوە کە بنەماڵەی شێخ خرتۆ و شێخ ئیلیاسە، لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لای بنەماڵەی شێخ خرتۆ بوو کە خرتۆ حاجی ئیسماعیل بابە شێخ بووە تا لە سەرەتاى مانگى 10ى ئەمساڵ کۆچى دوایی کرد.

بەڵام هەڵبژاردنی بابە شێخی نوێ ئێستا جۆرێک لە کەرتبوونی نێو ماڵی ئێزدییەکانی لێکەوتووەتەوە کە پەڕەی فەرمی ئێزدی ٢٤ لە پۆستێکیدا داوا دەکات جەستەی ئێزیدییەکان کەرت نەکرێت و بە یەکگرتووی بمێننەوە.

عەلی شێخ ئیلیاس بابە شێخى نوێى ئێزدییەکان، ناوى تەواوى عەلى ئیلیاس حاجى ناسرە، ساڵی 1979 لە قەزای شێخانى سەر بە پارێزگاى نەینەوا لە دایکبووە، کوڕی شێخ ئیلیاس بابە شێخى پێشووترى ئێزدییەکانە کە بۆ ماوەی 18 ساڵ لە 1978 تاوەکو 1995 بابە شێخی ئێزدییەکان بووە.

عەلی شێخ ئیلیاس ساڵى 2001 هاوسەرگیرکردووە و 4 منداڵى هەیە، بڕوانامەی سەرەتایی هەیە و بەهۆکارى تایبەت نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات، ژیانى خۆى بۆ خزمەتى ئاینى ئێزدى تەرخانکردووە و بۆ چەندین ساڵ خزمەتى پەرستگاى لالشى کردووە.