فەرهاد شاکەلی: ئەگەر ئەحمەد محەمەد لە وڵاتێکی وەک سوێد بژیایە، تا ئێستا 10 جار خەڵات کرابوو

19/11/2020
فۆتۆ: 

پاش ئەوەى بڕیارە چایخانەى کارۆ خەڵاتى نووسەر ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل بکات، نووسەرى دیارى کورد فەرهاد شاکەلى وتارێک دەربارەى ئەو نووسەرە دەنووسێت کە ئەمەى خوارەوە دەقەکەیەتى:

ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل چیرۆکنووسێکی گەورە و لێهاتووە. چیرۆکەکانی زۆر تایبەتن و تەنیا شێوازی ئەون و لاسایی کەسی دیکە ناکاتەوە. ناوەڕۆک و زمان و سیمبۆڵ و ڕووداوەکانی ناو کورتەچیرۆکەکان تا ڕادەیەکی زۆر باس لە ژینگەیەکی دیاریکراو و هەر بەو پێیەیش شێوازێکی تایبەتی گێڕانەوە دەکەن.

کە لە کۆتایی هەشتاکاندا بەشی زمانی کوردی لە زانستگەی ئوپسالای سوێد دامەزرا، لە پلەی دوو یا سێیەمی ئەو بەشەدا زۆر تێکستم دەدایە خوێندکارەکان، هەندێکیان تەنیا بە کوردی و هەندێکیش وێڕای تەرجەمەی سوێدی یا ئینگلیزی. چیرۆکی (لە ڕۆژژمێری دێیەکی ئەم خوارەدا)ی کاک ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل لەو چیرۆکانە بوو کە دەخوێنرا. لە ماوەی نزیکەی ٢٧ ساڵدا ئەو چیرۆکە لە بەشی کوردیی زانکۆی ئوپسالادا خوێنراوە. خۆشبەختانە هەر لەو ساڵانەدا، لەگەڵ کاک (بەختیار ئەمین)ی هاوڕێمدا، پێکەوە چیرۆکەکەمان تەرجەمەی سوێدی کرد. یەکەم جار لە گۆڤاری (Svensk-Kurdisk Journal)دا، کە گۆڤارێک بوو بە زمانی سوێدی، بۆ ناساندنی فەرهەنگ و ئەدەبییاتی کوردی تەرخان کرابوو، بڵاومان کردەوە. دواتر لە کتێبی (Fåglarna Återvänder till Bergen : باڵندەکان دەگەڕێنەوە بۆ چیاکان)دا کە ئەنتۆڵۆگییەکی چیرۆکی کوردی بوو بە زمانی سوێدی، بڵاو کرایەوە .

من، ئەوسایش و ئێستایش پێم وا بووە و پێم وایە ئەو چیرۆکە، یەکێکە لە چیرۆکە هەرە جوان و سەرکەوتووەکان لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا. ئەو تەکنیکەی کاک ئەحمەد بە کاری هێناوە، تەکنیکێکی زۆر ورد و سەرکەوتووانەیە. ئەو نەهاتووە بە دروستکردنی ڕووداوی تراژیدیانە قەڵەباڵغێک دروست بکات، بۆ دروستکردنی بەزەیی یا پشتگری لای خوێنەر. یەک دانە وشەی سیاسیی تێدا بە کار نەبردووە. تەنیا و تەنیا بە هۆی زمانەوە کارەساتە گەورەکانی کوردستانی وێنا کردوون. هەر دیسان بە هۆی زمانەوە وێنەیەکی سووتاندن و کاولکردنی کوردستان (بە تایبەت گەرمیان) دەکێشێت. لە سەرەتای چیرۆکەکەدا دیمەنی ئاواییەکی گەرمیان و دەشتێکی پانوبەرین دەکێشێت. هەر ئەو دیمەنە لە کۆتایی چیرۆکەکەدا دووبارە دەکاتەوە و تەنیا چەند وشەیەک و چەند وێنەیەک دەگۆڕێت و دەستکاری دەکات، بەڵام دەستکاریکردنێکی هونەرمەندانە. بێ ئەوەی هیچت بۆ ڕوون بکاتەوە، بێ ئەوەی یەک وشە لەبارەی شۆڕش و بەرگری و داگیرکارانەوە بڵێت و بنووسێت، ئەوەت بۆ وێنا دەکات، کە (میمکە ئایشێ) چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕە پێشمەرگەکەی بوو، بەڵام دوژمن پێیان زانیوە و کوشتوویانە. ئەویش هەر زوو بە دوای کوڕەکەیدا دەمرێت. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، وەک باسم کرد، دیمەنەکەی سەرەتا دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە گۆڕینێکی یەکجار کەمەوە. ئێستا لەسەر تەپۆڵکەکە دوو گۆڕی تازە دەبینین، کە چەند بنجێک قامیش بەسەریاندا شۆڕ بوونەتەوە. ئەو قامیشانە هەر دەڵێی سێ چوار ژنی خزم و کەسوکارن، هاتوون و لەسەر تەرمی دایک و کوڕێک شیوەن دەکەن. دەزانن کێ ئەو بنجە قامیشانەی ڕوواندوون؟ وریا و ئازاد، دوو منداڵ. ئەو دوو منداڵەی کە پوورە ئایشێ هەر جارێک کوڕەکەی سەری بدایەتەوە، پڕ چنگیانی دەکرد لە شەکرە سوورەکە، لە نوقڵ. ئەگەر لێی ورد ببینەوە تەنانەت ئەو شەکرە سوورەیش سیمبۆڵێکی بەهێزە و لە جێی خۆیدا بە کار براوە. ئەو دوو منداڵە سیمبۆڵی نەوەی تازەی کوردن .

ئەم هەڵبژاردنەی ئێوە و ئەم ڕێزگرتنە لە مامۆستا ئەحمەد کارێکی نایاب و جێگای دڵخۆشی و ڕێزە. شاد و سەرکەوتوو بن و تەمەنی درێژ و داهێنانی گەورەتریش بۆ کاک ئەحمەد. چیرۆکنووسێکی وەک ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل ئەگەر لە وڵاتێکی وەک سوێددا بژیایە، تا ئێستا، نەک جارێ، دە جار خەڵات کرابوو .

ئەگەر ڕێگام بدەن پێشنیازێک بکەم، پێم خۆشە هەر هەموو کورتەچیرۆکەکانی کاک ئەحمەد، لە یەک کتێبی ٥٠٠-٦٠٠ لاپەڕەییدا چاپ بکەن، ئەمە دەبێتە دیارییەکی گەورە بۆ داهێنانی کاک ئەحمەد، بەڵام پێش ئەویش بۆ زمانی کوردی،کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد .

ئوپسالا سوێد