لە ئیتالیا پاشماوەی تەرمی دووپیاو دۆزرانەوە ٢٠ سەدەیە بوون بەژێر پاشماوەی بورکانەوە

21/11/2020
پاشماوەی تەرمی دوو پیاوەکە
فۆتۆ: فۆتۆ : ڕۆیتەزر

وەزارەتی شوێنەواری ئیتالیا ئاشکرایکرد، پاشماوەی دوو تەرمی پیاویان دۆزیوەتەوە، کە بەشێوەیەکی باش پارێزراوە و لە ساڵی ٧٩ی زانینی واتە ٢٠ سەدە لەمەوبەر بەهۆی تەقینەوەیەکی بورکانییەوە سوتاون و مردوون.

بە گوێرەی کنە و پشکنینەکانی دەزگای شوێنەواری ئەو وڵاتە، یەکێک لە پیاوەکان پێدەچێت پلەو پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی هەبوبێت و تەمەنی لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵاندایە، بەشێوەیەک تا ئێستاش شوێنەواری پارچە قوماشێکی خوری بە ژێر ملییەوە بەدی دەکرێت، کە کاتی پۆشیویەتی.

بەڵام تەمەنی پیاوی دووەم لە نیوان ١٨بۆ ٢٣ ساڵاندایە و شوێنەواری قەڵغانێکی پێوەیە و چەند بڕبڕەیەکی پشتی شکاون، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەو کارە قورسانەی کە پێی ئەنجامدراوە لە ژیاندا.

شوێنی دۆزینەوەی پاشماوەی ئەو دوو تەرمە دەکەوێتە شاری "سیڤیتا گویلیانا" کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای ناوەندی شاری بۆمبی شوێنەوار و مێژووییەوە.

زانایانی شوێنەواری ئیتالیا تێبینی ئەوەیان کردووە، ئێسک و ددانەکانی ئەو دوو پیاوە وەک خۆیان ماونەتەوە، بەڵام بۆشاییەکانی شانەکانی لەشیان پڕ بووە بە مادەی جبس تەقینەوە بورکانییەکە.

ماسیمۆ ئاوسانا بەڕێوەبەری شوێنەوارە مێژووییەکە ڕایگەیاند، پێدەچێت ئەو کەسە لە هەوڵی خۆڕزگارکردن و گەڕاندا بوون بەشوێن پەناگەیەکی ئارام، بەڵام تەوژمی بورکانەکە لەگەڵ خۆی بردوونی و دایپۆشیوون.

هۆکاری مردنەکەشیان بەهۆی شۆکی گەرماوە بووە، ئەوەش لە شێوازی مانەوەی قاچ و دەستیانەوە ئاشکرا بووە، کە داخرا و چەماوە بوون.

شاری بۆمبی ئیتالیا یەکێک لە شارە مێژووییەکانی ئیتالیا و بە دووری ٢٣ کلیۆمەتر، دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی شاری ناپۆلییە و بەگوێرەی پێشبینییەکان بەر لەو کارەساتە ١٣ هەزار کەس تیا ژیاوون.

تا سەدەی ١٦هەم پاشماوەی ئەو شارە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٧٥٠وە دەستکراوە بە کاری کنەوپشکنین تیایدا، بەڵام لە ئێستادا بەزۆری کاردەکرێت لە پاراستنی شارەکە لە شیبوونەوە و ئاوی ڕوبارەکان.