گەنمێكی بەرهەمهاتووی سلێمانی یەكەمی هەشت وڵاتی عەرەبی هێنا

22/11/2020
فۆتۆ: 

لە نێو هەشت وڵاتی عەرەبیدا گەنمێكی بەرهەمهاتووی زانكۆی سلێمانی توانی لە كۆی 27 توێژینەوە ببێتە یەكەم.

لە نێو 27 توێژینەوەی هەشت وڵاتی عەرەبی خەڵاتی یەكەم بەخشرایە گەنمی "مەعروف" كە بەرهەمی كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانییە

رێكخراوی عەرەبی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵیی، كە سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبییە، لە پێشبڕكێی نێوان 27 توێژینەوەدا خەڵاتی یەكەمی "ئاسایشی خۆراكیی بۆ ساڵی 2018"ی بەخشییە گەنمی "مەعروف"، كە تەرزێكی نوێی گەنمە و لە كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی، بەرهەمهێنراوە.

د. عیماد مەحمود لە كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان بە هاوكاری ژمارەیەك كەسی دیكە داهێنەری ئەو تەرزە نوێیەی گەنمەكە بووە و  خاوەنی دوو تایبەتمەندییە، كە لە تەرزەكانی دیكەی گەنم جیای دەكاتەوە: بەرهەمی زۆرترە و بەرگرییەكی بەهێزیشی دژی نەخۆشییەكان هەیە.

گەنمەكە پێشتر لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دانی پێدانراوە، لە پێشبڕكێكەشدا هەریەكە لە وڵاتەكانی  "میسر، عێراق، سوریا، عومان، جەزائیر، سودان، ئوردن و فەلەستین" تیایدا بەشدار بوون.