رێککەوتنی 50 ساڵە.. تەوقێک لە ملی خەڵکی هەرێمدا

22/11/2020
فۆتۆ: 

کات؛ ساڵی 2010 یە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پشکی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، هیچ پۆستێکی فەرمی لەنێو حکومەتی هەرێمدا نییە، بەڵام دەچێتە تورکیا و گەورەترین گرێبەستی وزە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا ئیمزا دەکات کە ئەویش گرێبەستی 50 ساڵەیە.


ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنی 50 ساڵە دەستیپێکرد کە زیاتر بە رێککەوتنی پارتی لەگەڵ تورکیا ناسراوە،  لەو کاتەوە کۆمپانیاکانی تورکیا بە لێشاو روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و رێککەوتنەکە بووە تەوقێکی گەورە لە ملی هەرێم و لەبری هێنانی داهات، خەزێنەی حکومەتی بەتاڵکرد و موچە و بودجەی بڕی.

لە لایەکی ترەوە رێککەوتنەکە بووە هۆی قەرزار بوونی هەرێم و بە دانپێدانانی بەرپرسە باڵاکانی، قەرزەکانی دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕکردووە.

بە بڕوای بەشێک لە شارەزایان ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ نەفرۆشتایە ئەو گرێبەستەی لەگەڵ تورکیا ئیمزا نەکردایە حکومەتی عێراق هیچ بەهانەیەکی بەدەستەوە نەدەبوو تاوەکو موچە و بودجەی هەرێم ببڕێت.

ناردنە دەرەوەی نەوت و رێککەوتنە 50 ساڵییەکە سەرەڕای قەزارکردنی هەرێم  ساڵانە زیانی نزیکەی 1 ملیار دۆلاری لە هەرێمی کوردستان داوە بەهۆی بڕینی بودجە لەلایەن عێراقەوە.

نوێنەرانی کورد لە بەغدا زۆرجار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە رێککەوتنەکە بووەتە بەربەست لەبەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە، لەبەر ئەوە رێککەوتنەکە زۆر نهێنییە و  تەنیا چەند کەسێکی ناو پارتی نەبێت کەس ئاگاداری نییە، دەستکەوتنی زانیاری بۆ میدیاکان و پەرلەمانتاران و حیزبەکانی زۆر زەحمەتە.

رێککەوتنەکە چییە و چۆن ئیمزا کراوە؟
کۆتایی ساڵی 2010 کاتێک بەرهەم ساڵح، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، نێچیرڤان بارزانی کە هیچ پۆستێکی فەرمی نەبوو، چووە تورکیا و گرێبەستی 50 ساڵەی لە بواری نەوت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا ئیمزا کرد، روون نییە گرێبەستەکە بەشەخسی لەگەڵ ئەردۆغان  ئیمزا کراوە یان بەناوی تورکیاوە کراوە، تەنیا نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی و ئاشتی هەورامی واتە تەنیا ماڵی بارزانی و کەسە زۆر نزیکەکان لێیانەوە ئاگاداری رێککەوتنەکەن، تورکیاش بە توندی دەستی بە رێککەوتنەکەوە گرتووە لەبەر ئەوەی لەچەند رێگەیەکەوە قازانج لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەوانیش:
دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت
کرێی بۆرییەکە لە ناو خاکی تورکیا
عەمبارکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان
باج و رسوماتی فرۆشتنی نەوت
دانانی داهاتی نەوت لە هاڵک بانکی تورکیا

سودمەندی تورکیا لە نەوتی هەرێم لە ئاستێکدایە، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا 494 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی هەرێم دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکیا وەک پێناسی گومرگی، دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی قانجی تورکیا لە نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری بکەین، بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی میهری ئێرانی بە جۆرێک تەنیا ساڵی 2019 تورکیا 1 ملیار دۆلار پارەی لە نەوتی  هەرێمی كوردستان دەستكەوتووە.

ئەو داهاتە زەبەلاحەی توركیا لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەستی دەكەوێت  وایكردووە ئەو وڵاتە چاوی لە هەر رێككەوتنێك بێت لە نێوان هەولێر و بەغدا كە كار لەسەر ئەو داهاتەی بكات كە ئەوەش خاڵی سەرەكی رێكنەكەوتنی هەرێمی كوردستان و عێراقە لەبارەی نەوتەوە.

رۆژی 14-10-2013 بۆیەکەمجار نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە نێردرایە دەرەوە، پاش ماوەیەک لە بری ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک بووە هۆکاری بڕینی موچە و قوتی خەڵک کە پێشتر لە بەغداوە دەهات.

لە ساڵی 2014 چی روویدا چۆن ئاشتی هەورامی هەمووانی خستە داوەوە؟
کاتێک بەشێک لە لایەنەکان ترسیان لە بڕین بودجە هەبوو لەلایەن حکومەتی عێراق ئەگەر هەرێم سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، ساڵی 2014 کە ئاشی هەورامی، وەزیری ئەو کاتەی سامانە سروشتییەکان چووە پەرلەمان بە پەرلەمانتارانی وت، ئەگەر هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت ساڵانە 38 ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا ساڵانە حکومەتی عێراق 10 ملیار دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد، ئاشتی هەورامی هەموو ئەو بەڵگانەی هەیبوو لەبارەی دەستکەوتنی ئەو 38 ملیارە رادەستی یەکێتی و پارتی و سەرۆکایەتییەکانی  کرد.

بەڵام ماوەیەک دوای ئەو قسانەی ئاشتی هەورامی کاتێک داهاتی حکومەت کۆکرایەوە حکومەت بە قەرز و بەپارەی نەوتیشەوە توانی تەنیا 3 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە، لە دوای ئەو کاتەوە تورکیا بووە سودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە تەنیا چەند کەسێکی دیاریکراو ئاگاداری دۆسیەی نەوتن و هیچ كەس ناوەڕۆكی گرێبەستە 50 ساڵییەكەی پارتی و  توركیای نەدیوە، بەڵام ئەوەی تاوەكو ئێستا روون بووەتەوە گرێبەستەكە لە بەرژەوەندی توركیایە، كە‌ كۆمپانیا نەوتییەكانی توركیا ئاسانكاریان بۆ كراوە .

 هەندێک لە شارەزایانی دۆسییەی نەوت باس لەوە دەکەن بەپێی رێککەوتنەکە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 50 ساڵی دیكە جگە لە توركیا نەوت لە هیچ شوێنێكی دیكە بۆ دەرەوە هەناردە بكات لە رێگەی بۆرییەوە.

کاتێک ناوەڕاستی ئەم مانگە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی لێکەوتەکانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی عێراق کۆبوونەوە، رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پرسیاری لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان كردووە لەبارەی ئەوەی ئایا رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌ و توركیا نابێتە رێگر لەبەردەم ئەوەی حكومەتی هەرێم بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات؟

لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا نێچیرڤان بارزانی وتویەتی "دڵنیاتان دەكەم، لەناو رێككەوتنی پەنجا ساڵەدا هیچ دەقێكی تێدا نییە كە هەرێم پابەند بكات بەوەی نەوت رادەستی بەغدا نەكات. دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی هەمان قسەی دووپاتکردەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەدا تیمی حکومەت باسیان لەوە کردووە،  کاتێک هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوت كرد، تەنیا زەمانەتیی نەوتیی هەبووە، نەوتەكەیان داوە بە كۆمپانیا توركییەكان‌ و لەبەرامبەر ئەوەدا پارەی پێشوەختەیان لێ وەرگرتوون، ئەمە وەكو قەرز وایە لەسەر حكومەتی هەرێم نەك پابەندبوونی هەرێم بە توركیاوە.

ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رای پێچەوانەی تیمی حکومەت و نێچیرڤان بارزانییان هەیە لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە لەبارەی رادەستکردنی نەوت جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان تاوەکو 3 ساڵی داهاتوو فرۆشراوە و پارەکەیشی پێشەکی وەرگیراوە لەبەر ئەوە زەحمەتە بتوانێت نەوت رادەستی بەغدا بکات بۆ ئەو مەبەستەش مەرجی قورس بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دادەنێت و دەڵێن شتێک نەماوە بەناوی رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە راست نییە کە دەڵێن هەرێم نەوت رادەستی بەغدا دەکات، گرێبەستەکان بوون بە بارێکی قورس بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت هەرچەندێک بێت تەنیا 23٪ قازانجەکەی بۆ هەرێم دەبێت ئەوەش بۆ کۆمپانیاکان و کرێی بۆری نەوت دەڕوات.

شارەزایانی ئابووری و نەوت جەخت لەوە دەکەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکی دیکە بەم شێوەیە بەردەوامبێت ئەوا حکومەت دەکەوێتە گێژاوێکی ئابووری سەخت و باشترین دەرفەت ئەوەیە لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت، بەو پێیەی لە ئابووری سەربەخۆ شکستی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمان حکومەتی هەرێم لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەم مانگە تەنیا 266 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە کە بەشی تەنیا نیوەی مووچەی فەرمانبەران ناکات بە لێبڕینی 18٪وە.

لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیان هەمیشە 2 پێشنیاز ئاراستەی پارتی دەکەن، یان لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە موچە بەتەواوی بدات یان لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت، بەڵام پارتی هیچ کام لەو پێشنیازانە جێبەجێناکات، ئەوەش هەرێمی کوردستان و قوتی خەڵکی بە ئایندەیەکی نادیار سپاردووە