تەندروستی عێراق:تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە چووە

22/11/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ هەزار و ٩١٤ پشکینین بۆ تووشبوانی کۆرۆنا کراوە، لەو ژمارەیەش دەرکەوتووە، ١٧٦٦ کەس ئەنجامەکەیان پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٣٣ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەمرۆی وەزارەتەکە لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ ٢٤١٢ کەسی دیکە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، ئەوەش دووەم ڕۆژە لەسەریەک، کە ژمارەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا لە ژمارەی تووشواز زیاترە.

بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە ئێستادا ڕێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا ٨٦.٩%ی تووشبوانە.

لەوەتەی کۆرۆنا لە عێراقدا تەشەنەی کردووە، ٥٣٥ هەزار و ٣٢١ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤٦٥ هەزار و ٤٥٢ کەسیش چاکبوونەتەوە.

تا ئیستا بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ١١٩٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.