پۆلیسی سلێمانی: ئەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر چێشتخانەكەی گەڕەكی عەقاری دەستگیركران

22/11/2020
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر چێشتخانەكەی گەڕەكی عەقاری دەستگیركران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر چێشتخانەكەی گەڕەكی عەقاری دەستگیركران.

عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هێرشبەرانی سەر چێشتخانەی كامەران لە گەڕەکی عەقاری سلێمانی، لە ئێستادا دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی١١ی٢٠٢٠، ژمارەیەک کەس بە چەکە و جلی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر چێشتخانەی کامەران لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی و دوای رووداوەکە خاوەنی چێشتخانەکە رایگەیاندبوو، "ژمارەیەک کەس بە دوو ئۆتۆمبێلی جام رەش و چەکەوە کە بەشێکیان جلی سەربازیان لەبەردا بوو، کاتژمێر 1:30 خولەکی نیوەڕۆ هەڵیانکوتایە سەر چێشتخانەکەمان و لێیانداین و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردین."

ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەکاتێکدا ئەوان لەو چەکدارانەیان پرسیوە هۆکاری ئەو کارەیان چییە و بۆچی وادەکەن؟، بەڵام چەکدارەکان هەر لێیان داون و جنێویان پێداون و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون، راشیگەیاندبوو، نازانن ئەو کەسانە سەر بە چ کەس و لایەنێکن.