لە کەلار سێ برا خوشکێکی خۆیان هەڵواسی
گەرمیان
لە قەزای کەلار، سێ برا بەهۆی کێشەی کۆمەڵایتییەوە، خوشکە تەمەن ٢٦ ساڵانەکەیان هەڵواسی و خنکاندیان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لەبەرواری 20\11\2020 ئاگادارکراینەوە لەبونی تەرمێک لەگەڕەکی شارەوانی دووی قەزای کەلار، دەست بەجێ مەفرەزەکانمان چونە شوێنی ناوبراو و دواتر دەرکەوت ئافرەتێک بەناوی (م- ا- م) لەدایکبووی 1994 لەماڵەکەی خۆیدا هەڵواسراوە و گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەئامادەبونی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار و بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لێکۆڵینەوە لەشوێنی ڕوداوەکە کراوە و تەرمی ناوبراو بەمەبەستی پشکنین ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە .
ئاشکراشیکردووە، دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر مەفرەزەکانیان لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیویانە چوار تۆمەتبار دەستگیربکەن کە سێ کەسیان برای کوژراوەکەن، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، تۆمەتباران دانیان ناوە بەتاوانەکەدا و رایانگەیاندووە کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەوتاوانەیان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاندووە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 تۆمەتباران بەندکراون .
|