فراکسیۆنى کۆمەڵ: بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان بـڕیارێکی دروسـتە بە ئاراستەی گێڕانەوەی شکۆی پەرلەمانی کوردستان

17/06/2020
فۆتۆ: 
سلێمانى

فراکسیۆنی کۆمەڵ رایگەیاند، بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى هەڵگرتنى پارێزبەندى سەر پەرلەمانتاران بڕیارێکی دروستە بە ئاراستەی گێڕانەوەی شکۆی پەرلەمانی کوردستانە.

فراکسیۆنى کۆمەڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەبەوەدەکات، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە ٤ ی ڕۆژی ٧ ی ئایاری ٢٠٢٠، لەلایەن رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بڕیارێکی دروستە بە ئاراستەی گێڕانەوەی شکۆی پەرلەمان، کە لەوەتەی ئەو دامەزراوەیە هەیە دەسەڵات لە پێناو لێدان لە نوێنەرایەتی خەڵک، دەیشکێنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەسەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن پابەندی بڕیارەکەبن و لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و هەڵسانی پەرلەمان بە ڕۆڵی خۆی لەو کاتە سەخت و پڕ قەیرانەدا، بۆ ئەوەى دەست بە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکرێتەوە تا وەک نوێنەرایەتی خەڵک لە قەیرانی بێ موچەیی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەگەری هەرەسهێنانی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و دەستدرێژی وڵاتانی بێگانە قسە و هەڵوێستی هەبێت .

ئاماژەبەوەشکراوە، کاتی تێپەڕاندنی قۆناغی ڕابردوو هاتووە و سەردەمی تۆڵەکردنەوە و یەکترسڕینەوەش بەسەرچووە.