کێ نیشتمانی هێنایە مەیخانەوە؟!
کەژاڵ ئەحمەد
بووە بە چ مەلهایەکی پیس ... نیشتمان
سەرنشینەکانی جنێو بارانی ئەو کەسانەدەکەن
نایانەوێت... تێیدا سەماکار
یان لەشفرۆش یان گەوادبن !!!!!
بووە بە چ گۆڕستانێک ...وڵات
کە قووربانییەکانی، خۆیان دەکوژن و
عاشقانی شەقێکی توند
لە ئێستاو ڕابردووەکەشی هەڵئەدەن و
دەرگاکەی ئەدەن بەیەکدا و
تا تینیان تێدایە هەڵدێن .
زمانی گۆناکات لەم قومارخانەیەدا وڵات ...
خۆی بەپێوە بۆ ناگیرێت ...
سروودەکانی جارانی بیرچۆتەوە
بەتایبەتی ئەی ڕەقیب !
کێ نیشتمانی هێنایە
سەر ڕێگەی مایە پووچبوون ؟
کە بەگیرفانی بەتاڵ و زمانێکی تاڵەوە
لەم مەیخانە تاریک و چڵکنەی دنیادا
پاش دۆڕاندنی هەموو گێمەکانی یاریی کردن ،
شەڕ بکات و بەکوڵ بگریی؟
لەم و ئەو داوای پیتاک و قەرز بکات؟ !
کێ وایکرد نیشتمان ئا لەم باڕەدا
بەسەرخۆشیی، لارۆ لارۆ ڕێبکات؟ !
ئەی کێ وایکرد
پاش ئەوەی کە بەخواستی خۆی
هەموو شتێکی لوولکرد و
خستیە نێوان، درزی مەمکی تورکیاوە .
پەنجەی پەشێمانبوونەوە بگەزێت؟
لەناو زەلکاوی بەردەمی
مەیخانەکە لەتر بدات و بەدەما بکەوێت؟ !
خودایە لەکێ بپرسم
کێ نیشتمانی هێنایە
ناو بەرداشی دۆڕانەوە؟ !
ئەی کێ بوو ورد و خاشی کرد؟ !
چۆن پارچەکانی بلکێنم بەیەکەوە؟ !
ئەوەی شکاندیان سەرلەنوێ
چۆن دووبارە دروستدەکرێت؟ !
کێ نیشتمانی هێنایە مەیتخانەوە؟ !
پێم ناڵێن کێ؟ !
2020
|