فڕۆکەکانی تورکیا بەچڕی سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومان دەکەن

12/02/2021
بۆردومانەکانی تورکیا بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە
فۆتۆ: 

نزیکەی کاتژمێرێکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بوردوومانی چەند شوێنێکی سنووری قەزای ئامێدی دەکەن لەپارێزگای دهۆک.

سەرچاوەیەک لە قەزای ئامێدی بەتۆڕی هەواڵی ژیان ی ڕاگەیاند، بوردوومانەکە لە چیای خێرێ و ناوچەی بەرێگارێ و چەند شوێنێکی تری سنووری ناحیەی دێرەلۆک بووە.

سەرچاوەکە وتیشی ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژە لە چیای گارەوە تاوەکو ناحیەکانی دێرەلۆک و چەمانکێ لە ئامێدی و ناحیەی دینارتە و چەند شوێنێکی سنووری قەزای ئاکرێش لەژێر بوردوومانی فرۆکەکانی تورکیادان.

ئەو بۆردومانانە لەکاتێکدایە، سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی ٢ دا، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیکرد بە بوردوومانکردنی چیای گارە و شەڕ لە نێوانیان و گەریلاکانی پەکەکدا ڕوویدا.