رۆژهەڵاتی کوردستان.. لە مانگی رابردوودا 15 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون
لەماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم 15 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون .
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، لانیکەم 15 کۆڵبەر لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بریندارکراون کە ۸۰٪ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووە .
رێکخراوەکە روونیشیکردووەتەوە، لەو ماوەیەدا ۳ کۆڵبەر کوژراون و ۱۲ کۆڵبەریش برینداربوون، ئاماژەی بەوەشکردووە کە یەکێک لە کۆڵبەرەکان لە ژیر ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا گیانی لەدەستداوە .
هەنگاو ئەوەشی خستووەتەڕوو کە زۆرترین ژمارەی ئەو قوربانیانە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بوون کە هەر کامەیان شەش حاڵەتیان لێ تۆمار کراوە و سەرجەم کوژراوەکانیش خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون .
ساڵانە، لە رێگا دژوار و پڕ لە مەترسییەکانی سنورەکانی نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان، دەیان کۆڵبەر دەکوژرێن و گیان لەدەستدەدەن کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج.
|