وشەیەک بنوسە بۆ گەران .

شیرین ئامێدی بۆ ژیان: پارتی و یەكێتی بەبێ یەكتر ئیفلیج دەبن

شیرین ئامێدی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

ژیان: تەرزە عەبباسی

شیرین ئامێدی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە  چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ژیان باس لە وردەكاری رێكەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەكات.

ژیان: هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ چۆن دەبینی؟

شیرین ئامێدی: یەكەمجارە كە پێكهێنانی كابینە دواكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین كە حزبەكانی كوردستان بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بە زووترین كات گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكەن چۆن ستراتیژی ئایندەیی دروستبكەن بۆ ئەوەی حكومەت بە زووترین كات پێكبهێندرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەندێكجار ئەو دواكەوتنە لە بەرژەوەندی خەڵك دەبێت، ئێمە وابیرناكەینەوە كە دواكەوتنی حكومەت هەمیشە كاریگەری نەرێنی دروست دەكات، بەڵكو كاریگەریی ئەرێنیشی تێدایە، دڵنیاین كە گفتوگۆكان ئەنجامی باشی بەدواوە دەبێت، گفتوگۆی بەردەوامی نێوان لایەنەكانی كوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لایەنەكانی دیكەش بۆ ئەوەیە كەچۆن بتوانین هەموومان پێكەوە لەبەرژەوەندی گەلی كوردو كوردستان كاربكەین.

ژیان: پارتی تاچەند گەشبینە بە رێككەوتنی خۆی وەك پارتی لەگەڵ گۆڕان؟

شیرین ئامێدی: پارتی بەو رێككەوتنە گەشبینە، بەپێی ئەو ئەجێندایەی لەبەردەستیدایە، رۆژێكی مێژوییە بۆ هەردوو لایەنی سیاسی پارتی و گۆڕان، پارتی هەمیشە گەشبینە، بۆ ئەو رێككەوتنانەی كە دەیكات لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، بەوەی پابەندی سەرجەم خاڵەكانی ناو رێككەوتننامەكان دەبین، كە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان تایبەتە بە چاكسازیی، پارتی پێش ئەوەی ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ گۆڕان واژۆ بكات، بڕیاریدابوو بە زووترین كات چاكسازی لە حكومەتدا بكرێت.

پرسیاری دانانی سانسۆری پارتی لەسەر گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان جەوهەری كارەكەیە

ژیان: هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ خێراتر دەبن بەهۆی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی؟

شیرین ئامێدی: پارتی گفتوگۆكان و دانیشتنەكانی خۆی لەگەڵ  یەكێتی بە كورتی نەكرد، بەردەوام باوەڕیشمان بەوە بووە، یەكێتی وەك هێزیكی خەباتگێڕ كە قوربانییەكی زۆری داوە لەپێناوە ئازادی و سەربەستی گەلەكەیدا، بێگومان ئەو مێژووە لەبەرچاوەو پارتیش ئەو هاوسەنگییەی راگرتووە، دەبێت بە پێی ئەو خەبات و تێكۆشانەش گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی كراوە، ئەگەر پارتی¬و یەكێتی پابەندبن بە خاڵەكانی نێو رێككەوتنەكە بێگوومان كاریگەری دەبێت لەسەر زوو پێكهێنانی كابینەی نۆیەم گەر سەیری لێدوانی سەركردە باڵاكانی هەردوو بكەین هەموو ئاماژە بۆ ئەوەن ئومێدێكی باشیان بەو رێككەوتنە هەیە.

ژیان: ئایا پارتی بە بێ یەكێتی دەتوانێت ئیدارەی هەرێم بكات بە پێچەوانەوەشەوە؟

شیرین ئامێدی: پێم وایە پارتی بەبێ یەكێتی ئیفلیج دەبێت بەپێچەوانەش هەر راستە، چونكە لەو كاتەدا تاكەكانی كورد ناتوانن ئەوە قبوڵ بكەن كە بەتەنیا یەك لایەنی سیاسیی حوكمی وڵات بكات،  تاكی كورد دەیەوێت سەرجەم حزبەكان دەنگی نیشتمانی و نەتەوەییان هەبێت، هەموو پێكەوە كاربكەن بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەت بەدیلی هەموو كابینەكانی پێشوو بێت، دروستیشە كە ئۆپۆزسیۆنێكی دادپەروەر هەبێت، ئەگەر حكومەت هەڵەیەكی كرد، بۆی راست بكاتەوە نەك دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزیی ببات، بۆیە لەم سۆنگەیەوە دەتوانم بڵێم پارتی و یەكێتی تەواوكەری یەكترین، بەدڵنیاییەوە بە هاوكاری حزبەكانی دیكەش، چونكە نابێت حزبەكانی دیكەش لەیاد بكەین، تەمەنامان دەكرد هەموو حزبەكان بەشداریی ئەم كابینەیە بكەن، ئەگەر پۆستێكیشیان بەرنەكەوێ دەتوانن لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی فكرییەوە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەم تۆكمەتر بكەن. ئەگەر بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بێت و ئەو پرسیارە لە تاكێكی ئەوروپی بكەین، پێمان دەڵێت، بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن و لە ڕووی یاسایی پارتی دەتوانێت بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام وەك وتم ئەو دوو لایەنە سیاسییە هەردوو هاوشانی یەكترن و هەردوو پێكەوە قوربانیان داوە.

ژیان: ئەولەویەتی رێكەوتنی پاتی و یەكێتی چییە؟

شیرین ئامێدی: ئەولەویەتی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی ئەوەیە چ بەرنامەو پلانێك هەبێت كە درێژخایەن بێت و لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت و سبەینێ لە نیوەی رێگا كێشە دروست نەبێت لەنێوان لایەنەكانداو رێككەوتنەكە ببێتە بەڵگەیەك بۆ ئەوەی هەردوولا پێی پابەند بن.

پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ گەورەترین مزگێنی دەدەینە گەلی كورد 

ژیان: لە رێكەوتنەكە چۆن باسی پارێزگای كەركوك كراوە؟

شیرین ئامێدی: ئەوانە وردەكاریین و مەسەلەی كەركوك جیاوازە لە سەرجەم مەسەلەكانی دیكە، لە ئێستادا دەبینین هیچ پلانێكی دەستووری یاسایی دادپەروەرانە لە پارێزگای كەركوك جیبەجێ ناكرێت لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ ئەوەی توشی هەڵەكانی پێشوو نەبینەوەو لایەنەكانیش هاوشان بن لە هاوكاریكردنی سەركەوتنی پارێزگای كەركوك، كۆبوونەوەی 18ی شوباتمان ئەنجامدا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان رای خۆیان بڵێن، پارتی ناڵێت، پارێزگاری كەركوك حەتمەن دەبێت پارتی بێت، ئێمە خەباتمان كردووە لەپێناو كەركوك و قوربانیمان بۆ داوە، دەمانەوێت كەسێك هەڵبژێرین كە هەموو لایەنەكان رازی بن لەسەری نەك تەنها پارتی. چونكە كەركوك تەنیا موڵكی یەكێتی و پارتی نیەو كوردستانییە.

ژیان: چی لە بارەی پۆستی وەزیری دادی حكومەتی عێراق وتراوە؟

شیرین ئامێدی: ناتوانم وردەكاریی زیاتر بدەم ئیشەڵا لە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ گەورەترین مزگێنی دەدەینە گەلی كورد كە سەرجەم رێككەوتنەكان بەو خاڵانەی تێیدا ئاماژەی پێكراوە جێبەجێكراوە.

ژیان: گرەنتی هەیە لەگەڵ گۆڕان وەك رێكەوتنی كابینەی هەشت رووبەڕووی كێشە نەبنەوە؟

شیرین ئامێدی: وەك وتم دەبێت سوود لە ئەزموونی پێشوومان وەربگرین، نەك تەنها گۆڕان، بەڵكو سەرجەم لایەنەكان دەبێت سوود لە ئەزمونیان وەربگرن هەرلایەنێك لەنیوەی رێگە كابینەی جێهێشت ئەوا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و ئەوكاتەش میللەت خۆی بڕیاردەدات كە كێ لەبەرژەوەندی خەڵك كاردەكات.

ژیان: دەوترێت پارتی سانسۆری هەبوە لەوەی گۆڕان هیچ پۆستێك لە سەرۆكایەتی پەرلەمان وەرنەگرێت؟

شیرین ئامێدی: ئێمە وەك پارتی وتەبێژی خۆمان هەیەو ئەو پرسیارەی ئێوەش جەوهەری كارەكەیە، دوای واژۆكردنی رێككەوتنامەكەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان وتەبێژی فەرمیی پارتی لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا تەواوی قسەكانی خۆی پێشكەشكرد، هەروەها هەڤاڵانی گۆڕانیش بەهەمانشێوە پەیامی خۆیان پێشكەشكرد.