وشەیەک بنوسە بۆ گەران .

توانا ئەمین؛ مرواریی تاقانە ی بڵاوكردەوە

كتێبەكە تێڕامانێكی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر
توانا ئەمین

ژیان:

كتێبخانەی گۆڵدن بووك كتێبی (مرواریی تاقانە)ی نووسەر و وەرگێڕ (توانا ئەمین)ی بڵاوكردەوە، ئەم كتێبە لەم بارەیەوە نووسەر بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی وت: "ئەم كتێبە بۆ دوو ئاست دابەش دەبێ، ئاستێكیان نزیك لە ژیانی ڕۆژانە و خەمە جڤاكی و ئینسانییە گشتییەكانە كە هەر كەسەمان هەمانە. بە چاوێكی كونپشكیانەوە دەپرسێ پارە چییە؟ پەیوەندی و خیانەت چین؟ موڵكایەتی چیە؟ خۆشەویستی چییە؟ تەنیایی چییە؟ شار چییە؟ دڵ چییە؟ خوداپەرستی چییە؟ و هتد... ئاستی دووەم كە بۆ من گرنگترینیانە؛ ئاستێكە بڕێ زیاتر دەڕوات، ئەویش پرسە یونڤێرساڵی و وجودییەكانە وەك ئینسان؛ گاهێ عیرفانی و گاهێ گومانكارانە دەپرسێ: ئێمە بۆ هەین، لە كوێوە هاتووین، كێ ئێمەی دروست كردوە، ئەم شتانە بۆ وان، ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ كوێ، ئازار بۆ هەیە؟ ژیان چییە؟ مەرگ بۆ هەیە؟ و هتد".

توانا ئەمین ووتیشی"بەگشتی تێڕامانێكی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر بەڵام بە زمانێكی سادە و شیعریانە، بە شێوەیەك هەمووان بتوانن تێی بگەن... لەگەڵ ئەمانەیشدا سەرجەمی لاپەڕەكانی كتێبەكە لە لایەن هونەرمەند (چینەر عوسمان)ـەوە نیگارڕێژ كراوە و بۆ هەر بابەتێك سكێچێكی دروست كردووە... ئەمەیش پتر كتێبەكەی هەمەڕەنگ و ڕەونەقدارتر كردووە."

توانا ئەمین، نووسەرێكی تاراوگەنشینی كوردە و زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی لە بوارەكانی چیرۆك، لێكۆلێنەوەی ئەدەبی، وەرگێڕاندا هەیە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە